Accessibility links

ڕووسیا هێرشی ئاسمانی کوشندە دەکاتە سەر ناوەڕاستی کیێڤ


پۆلیسێکی شاری کیێڤ تەقە لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دەکات، 17 ی مانگی 10 ی 2022
پۆلیسێکی شاری کیێڤ تەقە لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دەکات، 17 ی مانگی 10 ی 2022

لە کاتی قەرەباڵغی بەیانی ڕۆژی دووشەممەدا ڕووسیا جارێکی دیکە لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردە سەر ناوەڕاستی کیێڤ و شارەکانی دیکەی ئۆکرانیای بۆردومان کرد. ئەمەش دووەمین جارە لە ماوەی هەفتەیەکدا ڕووسیا هێرشی کوشندە دەکاتە سەر شارەکانی سەرانسەری ئۆکرانیا، هاوکات هێزەکانی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک شکست بوونەتەوە.

دوای ئەوەی چەند تەقینەوەیەک کیێڤی پایتەختی هەژاند، سەربازانی ئۆکرانیا تەقەیان لە ئاسمان دەکرد تاوەکو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بخەنە خوارەوە. دانیشتوانی شارەکە خۆیان حەشاردا، موشەکێکی دژە فڕۆکەش هەڵدرا، دواتر تەقینەوەیەک ڕوویدا و دووکەڵی پرتەقاڵی لێوە بەرزبۆوە.

بەرپرسێکی ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا گوتی بەهۆی هێرشێکەوە بۆ سەر بینایەکی نیشتەجێبوون لە کیێڤ سێ کەس کوژراون. دوکەڵی ڕەش لە پەنجەرەی بیناکەوە هاتۆتە دەرەوە.

ئۆکرانیا گوتی هێرشەکان لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانییەوە ئەنجام دراون، فڕۆکەکان بە " فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی " ناسراون و بەرە ئامانجەکەیان دەفڕن و دواتر دەتەقێنەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گوتی " هێرشێکی زۆر گەورەی " کردۆتە سەر ئامانجە سەربازییەکان و ژێرخانەکانی وزەی ئۆکرانیا لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا.

ڕۆیتەرز دەڵێت پارچەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانییان بینیوە کە لە هێرشەکەدا بەکارهاتووە و لەسەری نوسراوە " بۆ بێلگۆرۆد ". ئەوەش وەکو ئاماژەیەکی ڕوون لەسەر بۆردومانکردنی هەرێمی بێلگۆرۆدی ڕووسیا لەلایەن ئۆکرانیاوە. هەرێمەکەی ڕووسیا دەکەوێتە سەر سنووری ئۆکرانیا.

دواتر وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا دێنیس مۆناستیرسکی گوتی بەهۆی هێرشەکانی ڕۆژی دووشەممەوە لە شارەکانی دیکەش حاڵەتی گیان لەدەستدان هەبوون.

جێی ئاماژەیە هەفتەی ڕابردووش بە هەمان شێوە لە ڕۆژی دووشەممەدا ڕووسیا گەورەترین هێرشی ئاسمانی کردە سەر شارەکانی ئۆکرانیا بە کیێڤی پایتەختیشەوە، هەروەها بە هەمان شێوە لە کاتی قەرەباڵغی بەیانییدا ئەنجامدرا.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی گوتی " شەو و ڕۆژ دوژمن هاوڵاتیانی مەدەنی تیرۆر دەکات. فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کامیکازی و موشەکەکان هێرش دەکەنە سەر هەموو ئۆکرانیا. بینایەکی نیشتەجێبوون لە کیێڤ کراوەتە ئامانج."

گوتی " دوژمن دەتوانێت هێرش بکاتە سەر شارەکانمان، بەڵام ناتوانێت بمانشکێنێت. داگیرکەران تەنها سەرکۆنەکردن و سزایان لەلایەن نەوەکانی داهاتووەوە بۆ دەمێنێتەوە. هەروەها ئێمەش سەردەکەوین."


سوپای ئۆکرانیا دەڵێت لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەوە 37 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسییان خستۆتە خوارەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG