Accessibility links

ئۆکرانیا ڕەتی دەکاتەوە فشاری ڕۆژئاوای لەسەر بێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕووسیادا


ڕۆژی سێشەممە ئۆکرانیا ڕەتی کردەوە فشاری ڕۆژئاوای لەسەر بێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕووسیادا، هاوکات دووبارە جەختی لە سووربوونی وڵاتەکە کردەوە لەسەر ئەوەی تەنها لە کاتێکدا گفتوگۆ لەگەڵ ڕووسیادا دەکرێت کاتێک ڕووسیا دەستبەرداری سەرجەم ناوچەکانی ئۆکرانیا ببێت.

ئەم لێدوانەی ئۆکرانیا چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە ئەمەریکا بە تایبەتی هانی ئۆکرانیای داوە کراوە بێت بە ڕووی گفتوگۆکاندا لەگەڵ ڕووسیادا. هەروەها هاوکاتیشە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمەریکادا کە ئەنجامەکەی دەبێتە تاقیکردنەوەیەک بۆ پشتیوانییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی جەختی لە " ڕوونیی مەرجەکانی ئۆکرانیا " کردەوە بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی."

وتی " جارێکی دیکە دەیڵێینەوە، گەڕاندنەوەی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا، ڕێزگرتن لە پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگەکە و سزادانی هەموو ئەو کەسانەی کە تاوانی جەنگییان ئەنجامداوە و گرەنتی بدرێت لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە ئەمە ڕوونەداتەوە."

ڕۆژی دووشەممە وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ دووبارە جەختی لە هەڵوێستی ڕووسیا کردەوە و وتی مۆسکۆ کراوەیە بە ڕووی ئەنجامدانی گفتوگۆدا بەڵام کیێڤ گفتوگۆکانی ڕەت کردۆتەوە. مۆسکۆ چەند جارێک ووتویەتی گفتوگۆ لەسەر ئەو ناوچانە ناکات کە ڕووسیا بانگەشەی ئەوە دەکات لکاندوونی بە ڕووسیاوە.

میخایلۆ پۆدۆلیاکی ڕاوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا وتی شتێکی بێمانەیە پێشنیاری ئەوە بکەیت وڵاتانی ڕۆژئاوا فشار بکەنە سەر کیێڤ تاوەکو بەپێی مەرجەکانی مۆسکۆ گفتوگۆ لەگەڵ ڕووسیادا بکات، لە کاتێکدا کە ئەو وڵاتانە خۆیان چەک بە ئۆکرانیا دەدەن تاوەکو هێزەکانی ڕووسیا لەسەر خاکی ئۆکرانیا دووربخەنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG