Accessibility links

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی هەوڵی درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا دەدات


باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، کیێڤ، ئۆکرانیا
باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، کیێڤ، ئۆکرانیا

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بە باڵیۆزی ئەمەریکای بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان وت ڕێککەوتنی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لە ڕێی ڕێڕەوە پارێزراوەکەی دەریای ڕەشەوە دەبێت درێژ بکرێتەوە.

ڕێککەوتنەکە لە مانگی حەوتدا بە نێوەندگری نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا واژۆ کرا، هەروەها بووە هۆی دووبارە هەناردەکردنەوەی گەنمەکەی لە بەندەرە گەمارۆدراوەکانییەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

ڕێککەوتنەکە لە 19 ی مانگی یانزەدا بەسەردەچێت، هەروەها مانگی ڕابردووش مۆسکۆ بۆ ماوەیەکی کورت بەشداریکردنی لە ڕێککەوتنەکەدا ڕاگرت، دواتر بەشداری کردەوە.

باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆبۆوە. زێلێنسکی بە گرینفیڵدی وت " هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە کە دەبێت ڕێککەوتنەکە ' دەستپێشخەرییەکە ' بەردەوام بێت، سەرەڕای خواستی فیدراسیۆنی ڕووسیا."

وتیشی " ئۆکرانیا ئامادەیە گرەنتیدەری ئاسایشی خۆراکی جیهان بێت."

ڕۆژی سێشەممە جێگری وەزیری ژێرخانی ئۆکرانیا بە ڕۆیتەرزی وت کیێڤ دەیەوێت ڕێککەوتنی گەنمەکە درێژ بکرێتەوە و کردنەوەی بەندەری زیاتر و هەناردەکردنی کەلوپەلی زیاتریش بگرێتەوە، هیواداریشە هەفتەی داهاتوو ڕێککەوتنەکە بۆ لانیکەم یەک ساڵی دیکە درێژ بکرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG