Accessibility links

ڕووسیا: پلانەکەی زێلێنسکی بۆ ئاشتی نابەجێیە


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ دەڵێت مۆسکۆ تاوەکو ئێستا هیچ پێشنیارێکی ڕژدی بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا نەبینیوە و پێشنیارەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بۆ ئاشتی "نابەجێن".

لاڤرۆڤ ڕایگەیاند مۆسکۆ ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا لەسەر ململانێکە و وەڵامدانەوەی هەر پێشنیارێکی ڕژد، بەڵام هەر گفتوگۆیەک بکرێت دەبێت باس لە نیگەرانییە ئاسایشییەکانی ڕووسیای تێدا بکرێت.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ، لاڤرۆڤ دووبارە داوای لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کردەوە " ژێرخانە سەربازییەکەی " لە ئۆکرانیا و لەو وڵاتانەی دیکەش کە سنوورییان بە ڕووسیاوەیە لاببات.

لاڤرۆڤ وتی " ناتوانرێت باس لە دانوستان بکرێت لەگەڵ زێلێنسکیدا." وتیشی پلانە 10 خاڵییەکەی زێلێنسکی بۆ ئاشتی کە لە مانگی یانزەدا ڕاگەیەندرا " بە تەواوەتی لە بیرۆکەی نابەجێ پێکهاتووە."

لاڤرۆڤ وتی " لە ڕووی دانوستانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاواوە لەسەر پرسی ئۆکرانیا، ئێمە ئامادە دەبین بۆ وەڵامدانەوەی هەر پێشنیارێکی ڕژد، بەڵام هێشتا هیچ پێشنیارێکی جددیمان نەبینیوە. ئامادە دەبین بۆ تاوتوێکردنییان و بڕیارییان لەسەر دەدەین."

لاڤرۆڤ وتی بەیاننامەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بەوەی کە گفتوگۆ لەسەر هیچ شتێک ناکەن بەبێ بەشداری ئۆکرانیا هەمووی " بێ مانان "، چونکە لە ڕاستیدا ڕۆژئاوا بڕیارەکانی داوە.

لە 24 ی مانگی دووی ساڵی ڕابردوودا ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد، بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژراون و ملیۆنان هاوڵاتی ئۆکرانیاش ئاوارە بوون. زیانێکی گەورەش بە ژێرخانەکانی وزە و کارەبای ئۆکرانیا گەیشتووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG