Accessibility links

ئۆکرانیا: زێلێنسکی هیوادارە مانگی داهاتوو سەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات


جێگری یەکەمی وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ئیمین ژاپارۆڤا
جێگری یەکەمی وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ئیمین ژاپارۆڤا

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا دەڵێت سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەیەوێت مانگی داهاتوو سەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات و وتارێک پێشکەشی 193 ئەندامەکەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، ئەوەش هاوکات دەبێت لەگەڵ ساڵیادی دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

جێگری یەکەمی وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ئیمین ژاپارۆڤا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس وتی کۆمەڵێک شت هەن دەبێت پێش سەردانەکەی دڵنیا ببنەوە لە کۆمەڵێک شت، ئاماژەی بە دۆخی سەربازیی وڵاتەکەدا لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا، هەروەها ئاماژەی بە ڕاپۆرتی دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیادا کە تیایدا هۆشداری داوە لەسەر ئەوەی ڕووسیا پلانی " ئەنجامدانی هێرشێکی مەترسیداری هەیە لە مانگی دوودا."

وتی " سەرۆکەکەمان دەیەوێت بچێت، نیازی هەیە بچێت، بەڵام هێشتا بابەتەکە لەسەر ئەوە وەستاوە کە ئایا دۆخی سەربازیی وڵاتەکە ڕێگەی دەدات بچێت یاخود نا."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ئۆلیگ نیکۆلینکۆ وتی هێشتا هیچ بڕیارێک نەدراوە لەسەر ئەوەی زێلێنسکی ئەو سەردانە ئەنجام دەدات یاخود نا، وتیشی " زێلێنسکی بەپێی دۆخی ناو ئۆکرانیا و چەند فاکتەرێکی دیکە سەردانی دەرەوە دەکات." هەروەها بەڵێنیشیدا " خەڵکەکە بە باشی ئاگادار بکرێنەوە لەسەر پلانەکانی سەرۆک بۆ گەشتەکانی دەرەوەی."

ئەگەر زێلێنسکی بچێت بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوا لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا دووەمین سەردانی زێلێنسکی دەبێت بۆ دەرەوەی وڵاتەکە. لە 21 ی مانگی دوانزەدا سەردانێکی کتوپڕی بۆ ئەمەریکا ئەنجامدا و لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەو وڵاتەدا کۆبۆوە. هەروەها سوپاسی کردن لەسەر پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکرانیا.

باڵیۆزی ئۆکرانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان سێرگێی کیسلیستیا وتی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پلانی داناوە لە 23 ی مانگی دوودا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات سەبارەت بە جەنگەکە. دواتریش وەزیرانی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 24 ی مانگی دوودا کۆدەبنەوە.

ژاپارۆڤا وتی ئۆکرانیا حەز دەکات ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەزامەندی لەسەر یەکێک لەو دوو بڕیارە دەرببڕێت کە زێلێنسکی دەیەوێت لە ساڵیادی داگیرکارییەکەدا پەسەند بکرێن.

وتی ئۆکرانیا لەگەڵ هاوبەشەکانیدا گفتوگۆ دەکات سەبارەت بە دوو ڕێوشوێن، یەکێکیان کە پشتیوانی لە پلانە 10 خاڵییەکەی زێلێنسکی بکات بۆ ئاشتی، کە کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و گەڕاندنەوەی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا دەگرێتەوە، ئەوی دیکەشیان دامەزراندنی ئەنجومەنێکە بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی دوژمنکاری، ئەوەش دەبێتە هۆی لێپێچینەوە لە ڕووسیا لەسەر ئەو داگیرکارییەی کە هیچ پاساوێکی نەبوو.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG