Accessibility links

شویگۆ دەڵێت ئۆکرانیا ' تیرۆری ئەتۆمی ' ئەنجام دەدات لەسەر زاپۆریژا


وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شویگۆ دەڵێت ئۆکرانیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژا، دەشڵێت ئۆکرانیا بە مەبەست مەترسی ئەگەری ڕوودانی کارەساتێکی ئەتۆمی دروست دەکات.

شویگۆ وتی هێزەکانی ڕووسیا " سەرجەم ڕێوشوێنەکانیان " گرتۆتەبەر بۆ دڵنیا بوونەوە لە پارێزراوی وێستگەکە دژی " تیرۆری ئەتۆمی " کیێڤ.


ئۆکرانیا ڕەتی دەکاتەوە بۆردومانی وێستگەکەی کردبێت، کە لە سەرەتای جەنگەکەوە هێزەکانی ڕووسیا کۆنتڕۆڵییان کردووە، هەروەها ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی بۆردومانکردنی وێستگەکە.

شویگۆ لە پەیوەندییەکدا بە سەرکردە سەربازییەکانی وت " یەکەکانمان سەرجەم ڕێوشوێنەکان دەگرنەبەر بۆ دڵنیا بوونەوە لە پارێزراوی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژا."

وتیشی " لە بەرامبەردا ڕژێمی کیێڤ هەوڵ دەدات مەترسی ئەگەری ڕوودانی کارەساتێکی ئەتۆمی دروست بکات، ئەوەش لە ڕێی بۆردومانکردنی وێستگەکەوە بە مەبەست."

شویگۆ وتی " ئەم هێرشانەی هێزەکانی ئۆکرانیا بە تیرۆری ئەتۆمی دەزانین."

ڕووسیا و ئۆکرانیا یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بۆردومان کردنی وێستگەکە. دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی دامەزراندنی ناوچەیەکی ئاسایش دەدات لە دەوروبەری وێستگەکەدا، ئەوەش لە ترسی ڕوودانی کارەساتێکی ئەتۆمی دیکەی هاوشێوەی چێرنۆبیڵ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG