Accessibility links

کرێملن: پوتن کراوەیە بە ڕووی " پەیوەندیدا " لەگەڵ شۆڵز


وتەبێژی کرێملن بە دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی نۆڤۆستی ڕووسی وت سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن کراوەیە بە ڕووی پەیوەندیدا لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزدا، سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ شۆڵزدا دیاری نەکراوە.

ئەڵمانیا کە پێشتر یەکێک بوو لەو وڵاتانەی ڕۆژئاوا کە خۆی بە دوور دەگرت لە دابینکردنی تانکی شەڕکەر بۆ ئۆکرانیا تاوەکو یارمەتی بدات لە شەڕەکەیدا دژی ڕووسیا، هەفتەی ڕابردوو وتی 14 تانکی لیۆپاردی 2 دەدات بە ئۆکرانیا و هەروەها ڕازیبوو بەوەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا ئەو جۆرە تانکە بدەن بە ئۆکرانیا. بە ماوەیەکی کورت دوای ئەو ڕاگەیاندنەی ئەڵمانیا، ئەمەریکا لەلای خۆیەوە بەڵێنیدا تانکی ئێم 1 ئابرامز بدات بە ئۆکرانیا.

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی نۆڤۆستی لە زاری وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤەوە بڵاویکردەوە " لە ئێستادا هیچ ڕێککەوتنێک نیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شۆڵزدا. پوتن ئێستا و پێشتریش کراوە بووە بە ڕووی پەیوەندییەکاندا."

ڕۆژنامەی تاگیشپیگڵی بەرلین لە زاری ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزەوە بڵاویکردەوە " قسەش لەگەڵ پوتندا دەکەم، چونکە پێویستە قسە بکرێت."

وتیشی " ئەرکەکە لەسەر شانی پوتنە هێزەکانی لە ئۆکرانیا بکشێنێتەوە و کۆتایی بەم جەنگە بێ هەست و ترسناکە بهێنێت کە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان هەزاران کەس."

پوتن و شۆڵز دوایین جار لە سەرەتای مانگی دوانزەدا قسەیان کرد. پوتن لەو کاتەدا وتی هەڵوێستی ئەڵمانیا و ڕۆژئاوا لەسەر ئۆکرانیا " ڕووخێنەرە " و داوای لە بەرلین کرد دووبارە بیر لە هەڵوێستەکەی بکاتەوە.

بەپێی ناوەندی کییڵ بۆ ئابووری جیهان، ئەڵمانیا دووەمین گەورەترین بەخشەری چەکە بە ئۆکرانیا، دوای ئەمەریکا دێت و لە پێش زلهێزەکانی ئەوروپای وەکو فەڕەنسا و بەڕیتانیاوەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG