Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت 4 سیستمی موشەکی هیمارسی لەناوبردووە ئۆکرانیاش ئەوە ڕەت دەکاتەوە


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا هێزەکانی وڵاتەکەی چوار سیستمی موشەکی هیمارسی ئەمەریکییان لە ئۆکرانیا لەناوبردووە.

لەلای خۆیەوە ئۆکرانیا ئەوەی ڕەت کردەوە و بانگەشەکانی ڕووسیای بە " ساختە " ناوبرد و وتی ئامانجی لێیان ئەوەیە پشتیوانییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا بخەنە مەترسییەوە.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لێدوانەکانی هەردوولا پشتڕاست بکاتەوە.

کیێڤ پێشوازی لە گەیشتنی هەشت سیستمی موشەکی هیمارسی ئەمەریکی کرد و دەڵێت ئەگەری هەیە ئەو سیستمە ئاڕاستەی جەنگەکە بگۆڕێت.

چەکە پێشکەوتووەکە وردتر و مەودایەکی درێژتری هەیە لە سیستمە موشەکییەکانی دیکە، ئەمەش ڕێگە بە کیێڤ دەدات ئامانجە ڕووسییەکان و کۆگاکانی چەکی ڕووسی لە پشت بەرەکانی پێشەوەش بپێکێت، کە پێشتر نەیتوانیوە پێیان بگات.

لە 6 ی مانگی حەوتدا، چەند ڕۆژێک دوای گەیشتنی سیستمی موشەکی هیمارس بۆ ئۆکرانیا، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی دووانی لەو سیستمانە لەناوبردووە، گرتە ڤیدیۆیەکیشی بۆ پشتڕاستکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر سیستمەکە بڵاوکردەوە.

ئۆکرانیا بانگەشەکانی ڕووسیای ڕەت کردۆتەوە و دەڵێت سیستمە ئەمەریکییەکەی بەکارهێناوە و " زیانێکی ڕووخێنەری " گەیاندووە بە هێزەکانی ڕووسیا.

بەرپرسی ستافی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی وتی ئۆکرانیا بەردەوامە لە بەکارهێنانی هیمارس و " زیانێکی گەورەی بە وڵاتە دوژمنکارەکە گەیاندووە."

گوتی " ڕووسیا هەوڵ دەدات ڕەوانەکردنی چەک لەلایەن ڕۆژئاواوە بۆ ئۆکرانیا ڕابگرێت، هەروەها دەیەوێت بە دەسەڵاتێکی خەیاڵی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا بترسێنێت."

ڕۆژی چوارشەممە ئەمەریکا ڕایگەیاند چوار سیستمی موشەکی هیمارسی دیکە دەنێرێت بۆ ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG