Accessibility links

بەڕیتانیا دەڵێت ئۆکرانیا بەردەوامە لە هێرشەکانی دژی ڕووسیا لە خێرسۆن


هەواڵگری سوپای بەڕیتانیا دەڵێت لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان هێزەکانی ئۆکرانیا و هێزەکانی ڕووسیادا ڕوویداوە، لە کاتێکدا هێزەکانی ئۆکرانیا بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ڕووسیا لە هەرێمی خێرسۆن.

هەرێمی خێرسۆن دەکەوێتە ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆوە، وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا گوتی هێزەکانی ڕووسیا تۆپبارانی ناوچەکانی سەر ڕووباری ئینگولێتس دەکەن کە بەشێکە لە ڕووباری دنیپرۆ.

گوتیشی " هێڵەکانی دابینکردنی پێویستیەکانی هێزەکانی ڕووسیا لە ڕۆژئاوای ڕووبارەکەوە لە مەترسیدان."

ئاماژەشی بەوەدا هێرشە ئاسمانییەکانی دیکەی ئۆکرانیا زیانێکی زیاترییان بە پردی سەرەکی ئەنتۆنیڤسکی گەیاندووە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا بۆ ماوەیەکی کاتی هەندێک لە پردەکەی چاککردۆتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکا بەڵێنی بە ئۆکرانیا داوە کە پاکێجی نوێی یارمەتی لەشکری بە بڕی 270 ملیۆن دۆلار پێشکەش بکات، کە چوار سیستەمی موشەکی تۆپخانەی جووڵەی بەرزی دیکە واتە HIMARS لەخۆدەگرێت.

سوپای ئۆکرانیا پێشتر لانیکەم هەشت HIMARS ی لە شەڕی دژی ڕووسیادا لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕەکە بەکارهێناوە، لە کاتێکدا چوار سیستمی دیکە یان گەیشتونەتە ئۆکرانیا یان بەڕێوەن.

لە دوایین بەڵێنی ئەمەریکادا کۆی ناردنی HIMARS دەگاتە 16 دانە، جگە لەوەش ئۆکرانیا شەش سیستەمی موشەکی مەودای مامناوەند و درێژمەودا لە ئەڵمانیا و بەریتانیا وەرگرتووە و جێگیرکراون.


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG