Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکا: ڕووسیا ڕۆژانە سەدان قوربانی دەدات لە جەنگەکەی ئۆکرانیادا


بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت ئەمەریکا باوەڕی وایە سوپای ڕووسیا ڕۆژانە لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا سەدان قوربانی دەدات، تاوەکو ئێستاش هەزاران ئەفسەر و کاپتنی لەدەستداوە، زنجیرەی سەرکردایەتی سوپای ڕووسیا کۆشش دەکات.

بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ویلیام بێرنس ڕۆژی چوارشەممە گوتی بەپێی خەمڵاندنەکانی ئەمەریکا قوربانییانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا گەیشتۆتە 15,000 کوژراو و لەوانەیە 45,000 برینداریشی هەبێت، ئاماژەشی بەوەدا ئۆکرانیاش زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە.

بەرپرسەکەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی لەگەڵ کوژرانی ئەفسەر و کاپتنەکاندا، سەدان کۆلۆنێڵ و " زۆرێک " لە جەنەڕاڵەکانی ڕووسیاش کوژراون.

بەرپرسەکە گوتی " زنجیرەی سەرکردایەتی کۆشش دەکات."

ڕووسیا مردنە سەربازییەکان وەکو نهێنی دەوڵەت سەیر دەکات، تەنانەت لە کاتی ئاشتیشدا. دوایین جار کە بە فەڕمی ژمارەی قوربانییەکانی لەنێو سوپاکەیدا بڵاوکردەوە لە مانگی سێدا بوو، لەو کاتەدا وتی 1351 سەربازی ڕووسی لە ئۆکرانیا کوژراون.

حکومەتی ئۆکرانیا لە مانگی شەشدا گوتی ڕۆژانە 100 بۆ 200 سەربازی ئۆکرانیا دەکوژرێن.

بەرپرسەکەی ئەمەریکا گوتیشی ئەمەریکا باوەڕی وایە ئۆکرانیا زیاتر لە 100 " ئامانجی بەنرخی " ڕووسیای لەناو ئۆکرانیادا لەناوبردبێت، لەوانەش ناوەندەکانی سەرکردایەتی و کۆگاکانی تەقەمەنی و شوێنەکانی بەرگری ئاسمانی.

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ئەمەریکا بە بڕی 8.2 ملیار دۆلار یارمەتی سەربازیی ئۆکرانیایداوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG