Accessibility links

کاردانەوەکان لەسەر تەقینەوەکانی ئێران


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن، کاپری، ئیتاڵیا
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن، کاپری، ئیتاڵیا

سەرچاوەکان دەڵێن ڕۆژی هەینی ئیسڕائیل هێرشێکی کردووەتە سەر خاکی ئێران، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی ئێران بە سەدان موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی دەنگی تەقینەوە لە شاری ئەسفەهانی ئێران بیستراوە، سەرچاوەکانیش دەڵێن تەقینەوەکان بەهۆی هێرشێکی ئیسڕائیلەوە بوون، بەڵام تاران ڕووداوەکەی بە کەم زانی و ئاماژەی بەوەدا کە هیچ پلانێکی نیە بۆ تۆڵەکردنەوە.

ئەمانەی خوارەوە کاردانەوەکانن سەبارەت بە وەڵامە سەربازییەکەی ئیسڕائیل، لە بەیاننامە فەڕمییەکان و بڵاوکراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەرگیراون:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕەتی کردەوە ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە ئیسڕائیل هێرشی کردووەتە سەر ئێران، وتی واشنتن بەشدار نەبووە لە هیچ هێرشێکدا و پابەندە بە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

بلینکن وتی " باسی ئەوە ناکەم تەنها ئەوە دەڵێم کە ئەمەریکا لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی هێرشکردندا بەشدار نەبووە."

وتی " ئەوەی ئێمە سەنگمان خستووەتە سەر، ئەوەی کۆمەڵەی حەوت سەنگی خستووەتە سەر، لە بەیاننامەکەماندا ڕەنگی داوەتەوە، لە گفتوگۆکانماندا ڕەنگی داوەتەوە، کاری ئێمە کەمکردنەوەی گرژییەکانە."

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش وتی " ئێستا کاتی ئەوەیە بازنەی مەترسیداری تۆڵەکردنەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوەستێت. سەرکۆنەی هەر کارێکی تۆڵەکردنەوە دەکەین و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین پێکەوە کاربکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر پەرەسەندنێکی دیکە کە ببێتە هۆی دەرەنجامێکی ڕووخێنەر بۆ سەرانسەری ناوچەکە و دەرەوەش."

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین وتی " بێگومان پێویستە کە ناوچەکە بە جێگیریی بمێنێتەوە و سەرجەم لایەنەکان دان بە خۆیاندا بگرن و کاری زیاتر نەکەن."

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک وتی " پەرەسەندنی گرژییەکان لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نیە. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت زاڵبوونی ئارامییە بەسەر سەرانسەری ناوچەکەدا."

وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفەدی وتی " هۆشداری دەدەین دژی مەترسیی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا. سەرکۆنەی سەرجەم ئەو کارانە دەکەین کە مەترسی ئەوەیان هەیە ناوچەکە ڕابکێشنە جەنگەوە. تۆڵەکردنەوەکانی ئێران و ئیسڕائیل دەبێت بوەستن. جەنگە نامرۆییەکەی ناو غەززەش دەبێت ئێستا کۆتایی بێت. سەنگی جیهان دەبێت لەسەر وەستاندنی دوژمنکارییە کارەساتاوییەکەی سەر غەززە بێت."

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز وتی " کەمکردنەوەی گرژییەکان ئەرکی سەرەکی دەبێت. لەگەڵ هاوڕێ و هاوپەیمانەکانیشماندا باس لەمە دەکەین و پێکەوە بەم ئاڕاستەیە کاردەکەین."

وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی حەوت وتییان " داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین پێکەوە کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. کۆمەڵەی حەوت بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەم بارەیەوە."

میرنشینە یەکگرتووەکانی ئیماڕاتی عەرەبی وتی " وەزارەتی دەرەوە جەختی لە گرنگی گەیشتن بە چارەسەرێکی بەردەوام کردووەتەوە بۆ ناکۆکییەکان و قەیرانەکان لە جیهاندا کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی گرژییەکانە، هاوکات چارەسەرکردنی ململانێکان لە ڕێی گفتوگۆ و کەناڵە دیبلۆماتییەکانەوە."

فەڕەنساش داوا دەکات سەرجەم لایەنەکان گرژییەکان کەم بکەنەوە و دان بەخۆیاندا بگرن.

سکرتێری باڵای کابینەی حکومەتی ژاپۆن یوشیماسا هایاشی وتی " ژاپۆن زۆر نیگەرانە سەبارەت بە دۆخی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە توندی سەرکۆنەی هەر کارێک دەکات کە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان. ژاپۆن بەردەوام دەبێت لە سەرجەم هەوڵە دیبلۆماتییەکانی بۆ ڕێگریکردن لە خراپتربوونی دۆخەکە."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وتی چین دژایەتی هەر کارێک دەکات کە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG