Accessibility links

کەسێک بە "نارنجۆک و پشتێنێکی تەقینەوە" دەڕواتە ناو کونسوڵخانەی ئێران لە پاریس و دەستگیر دەکرێت


کەسێک بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 19ی مانگی چوار بە "نارنجۆک و پشتێنەی تەقینەوە" دەڕواتە ناو بینای کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە فەرەنسا و لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر دەکرێت.

تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ناسنامەی ئەو کەسە و ئەگەری پاڵنەرەکەی بڵاونەکراوەتەوە.

پۆلیسی فەڕەنسا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە لەسەر داوای کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پاریس ڕێوشوێنی ئاسایشیان لە دەوری بینای کونسوڵخانەکە گرتووەتەبەر.

پۆلیسی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو کە لە شوێنی ڕووداوەکە بوون و داوای لە دانیشتوانی پاریس کردبوو کە خۆیان لە هاتوچۆی ئەم ناوچەیە بەدوور بگرن.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەک لە پۆلیسی فەرەنسا بڵاویکردەوە، ئەو کەسە نزیکەی کاتژمێر یازدەی بەیانی بە کاتی پاریس چووەتە ناو کونسوڵخانەکەوە و "نارنجۆک و پشتێنێکی تەقینەوە"ی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، بە هۆی هۆکاری ئەمنی، جووڵەی شەمەندەفەرەکانی میترۆ لە وێستگەی نزیک کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگیراوە.

کارمەندێکی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پاریس ڕەتیکردەوە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەو پێوەندییەدا بداتەوە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG