Accessibility links

سەرۆکی ئێران بەبێ ئەوەی باسی تەقینەوەکانی ئەسفەهان بکات، ستایشی هێرشەکەی ئێرانی کرد بۆ سەر ئیسرائیل


سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی ڕۆژی هەینی ستایشی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بێپێشینەی تارانی کرد بۆ سەر ئیسرائیل کە نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر ئەنجامدرا بەڵام باسی ئەو تەقینەوانەی نەکرد کە لە ناوەڕاستی وڵاتەکەی بیستراون.

سەرکردەکانی جیهان داوای هێورکردنەوەی ڕەوشەکەیان کرد پاش ئەوەی میدیاکانی ئەمەریکا لە زاری بەرپرسانەوە بڵاویان کردەوە کە ئیسرائیل هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بۆ سەر ئێران ئەنجامداوە، دوای هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.

ڕەئیسی لە پارێزگای سمنانی ڕۆژهڵاتی تاران بە سەدان کەسی ڕاگەیاند ئەو ئۆپەراسیۆنە "دەسەڵاتی ئێمە و ئیرادەی پۆڵایینی گەلەکەمان و یەکگرتوویی ئێمەی نیشاندا."

لە وتارەکەدا هیچ ئاماژەیەکی بە تەقینەوەکان نەکردووە و تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی نە لەلایەن بەرپرسانی ئێران و نە لەلایەن ئیسرائیلەوە نەبووە.

میدیای فەرمی دەوڵەت ڕایگەیاند بەرەبەیانی هەینی دەنگی چەندین تەقینەوە لە پارێزگای ئەسفەهانی ناوەڕاستی وڵاتەکە بیستراوە.

حسێن دەلیریان ، وتەبێژی ئاژانسی واڵایی ئێران، بە ئاماژەدان بە جۆرێک لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ڕایگەیاندووە، "هەوڵێکی شکستخواردوو و شەرمەزارکەر هەبووە بۆ هەڵدانی کواد کۆپتەر، کە خراونەتە خوارەوە".

لە ڕاگەیاندنێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کە پێشتر تویتەر بوو، ڕەتیکردەوە کە ئێران لە دەرەوە هێرشی کرابێتەسەر.

گوتیشی "تا ئێستا هیچ هێرشێکی ئاسمانی لە دەرەوەی سنوورەکانەوە بۆ سەر ئیسفەهان یان ناوچەکانی دیکەی وڵات نەکراوە.

عەبدوڵڕەحیم موسەوی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران، هۆکاری تەقینەوەکانی بەرەبەیانی هەینی بۆ "بەکارهێنانی سیستەمی بەرگری دژە فڕۆکە لە سەر شتێکی گوماناوی" گەڕاندەوە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری موسەوییەوە ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ زیانێک" نەبووە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە بۆ هەڵسەنگاندنی قەبارەی ڕووداوەکە.

شەوی شەممە لەسەر یەکشەممەی ڕابردوو ئێران یەکەم هێرشی خۆی ئەنجامدا کە ڕاستەوخۆ ئیسرائیلی کردە ئامانج، هەرچەندە کاربەدەستانی ئیسرائیل دەڵێن لەسەدا 99 مووشەکەکانی ئێران لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە ڕێگری لێکراوە.

ئەم هێرشە لە وەڵامی هێرشێکی ئاسمانی یەکی مانگی چوار بوو کە گومان دەکرێت لەلایەن ئیسرائیلیەوە کرابێت و تیایدا کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کرایە ئامانج و حەوت ئەندامی سوپای پاسداران لە نێوانیاندا دوو ژەنەراڵ کوژران.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG