Accessibility links

ڕووسیا لە گرنگی سەردانەکەی سەرۆک بایدن بۆ کیێڤ کەم دەکاتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

بەرپرسانی ڕووسیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتە لە گرنگی سەردانە کتوپڕەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیان بۆ کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا کەمکردەوە، وتیان کیێڤ داردەستی ئەمەریکایە و هێزەکانی ڕووسیا سەرکەوتوو دەبن لە جەنگەکەدا سەرەڕای بەڵێنەکانی ئەمەریکا بۆ پێدانی چەک بە ئۆکرانیا.

ڕۆژی دووشەممە سەرۆک بایدن بە سەردانێکی کتوپڕ گەیشتە کیێڤ و لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆبۆوە، سەردانەکەش دەرخستنی هاودەنگی ڕۆژئاوا بوو بۆ ئۆکرانیا کە هێشتا دژی هێزەکانی ڕووسیا شەڕ دەکات.

سەرۆک بایدن بۆ زیاتر لە پێنج کاتژمێر لە کیێڤ مایەوە، لەگەڵ زێلێنسکیدا باسیان لە هەنگاوەکانی دواتر کرد و یادی سەربازە مردووەکانی ئۆکرانیایان کردەوە و چاوییان کەوت بە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیێڤ.

بایدن لە سەردانەکەیدا نیو ملیار دۆلار دیکەی وەکو یارمەتی بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند، پێشتر ئەمەریکا 50 ملیار دۆلاری بۆ ئەو وڵاتە تەرخان کردبوو. پارەکەش لە دابینکردنی تەقەمەنی هاویتزەرەکان و موشەکی دژە تانک و ڕاداری چاودێری ئاسمانی و یارمەتییەکانی دیکەدا خەرج دەکرێت، بەڵام یارمەتییەکان چەکی پێشکەوتوویان تێدا نیە.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ڕووسیا بە درێژی ڕووماڵی سەردانەکەی کرد و پێشکەشکاران دەیانووت ئاشکرایە کە بایدن " شتەکان لە ئۆکرانیا بەڕێوەدەبات." ئەوەش لەگەڵ لێدوانەکانی کرێملندا دەگونجێت کە دەڵێن حکومەتەکەی زێلێنسکی داردەستی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکایە.

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی نۆڤۆستی لە زاری بەرپرسێکی ڕووسی لە هەرێمی زاپۆریژای داگیرکراوی ئۆکرانیا ڤلادیمیر ڕۆگۆڤەوە بڵاویکردەوە " زێلێنسکی لە تەنیشت بایدندا وەکو خزمەتکارێک دەرکەوتووە."

بەرپرسانی دیکەی ڕووسیاش ئاماژەیان بەوەدا ڕەنگە سەرۆک بایدن هەوڵی خۆ کاندید کردنەوە بدات بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 و سەردانەکەشی بۆ ئۆکرانیا دەستپێکی هەڵمەتەکەیەتی.

شارەزایانی سەر بە کرێملنیش لەسەر کەناڵی سەر بە دەوڵەتی ڕووسیا ئاماژەیان بەوەدا گوایە بایدن پێش سەردانەکەی بۆ کیێڤ گرەنتی ئاسایشی لە مۆسکۆوە وەرگرتووە. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان وتی بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی بایدن واشنتنی جێهێشت، حکومەتی ئەمەریکا مۆسکۆی ئاگادارکردۆتەوە سەبارەت بە سەردانەکەی بایدن بۆ کیێڤ، ئەوەش بە مەبەستی خۆبەدوورگرتن لە هیچ لێکدانەوەیەکی بە هەڵە کە ببێتە هۆی ئەوەی دوو وڵاتە زلهێزەکەی جیهان بکەونە ململانێیەکی ڕاستەوخۆوە.

جێگری ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا دمیتری مێدڤیدیڤیش وتی بایدن " گرەنتی پارێزراوی " دراوەتێ.

مێدڤیدیڤ گوتی " بایدن بەڵێنی پابەندبوونی خۆیدا بە ڕژێمە نیۆ نازییەکە و بەڵێنیدا چەکی زیاتری بداتێ."

ڕۆژنامەنووسێکی کەناڵی ڕووسیا گوتی " ئایا ئەم سەردانە کاریگەری لەسەر ئەنجامی کۆتایی جەنگەکە دەبێت؟ بێگومان نەخێر." بەڵام دانی بەوەدانا کە سەردانەکە " کاردەکاتە سەر ئاڕاستەی شەڕەکە لە ئێستادا و ئیرادەی دانیشتوانی ئۆکرانیا."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG