Accessibility links

پۆڵەندا موشەکە پاتریۆتەکانی ئەڵمانیا لە نزیک سنووری ئۆکرانیا دادەنێت


وەزیری بەرگری پۆڵەندا ماریوش بلەیتیک
وەزیری بەرگری پۆڵەندا ماریوش بلەیتیک

وەزیری بەرگری پۆڵەندا دەڵێت پۆڵەندا و ئەڵمانیای ئەندام لە ناتۆ ڕێککەوتن لەسەر ڕەوانەکردنی موشەک هاوێژەری دیکەی پاتریۆت بۆ نزیک سنووری نێوان پۆڵەندا و ئۆکرانیا، ئەوەش دوای ئەوەی ئەڵمانیا سیستمی بەرگری موشەکی پاتریۆتی پێشکەشی پۆڵەندا کرد.

وەزیری بەرگری پۆڵەندا ماریوش بلەیتیک وتی " وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئامادەیی خۆی پشتڕاست کردۆتەوە بۆ ڕەوانەکردنی هاوێژەری پاتریۆت بۆ سەر سنووری ئۆکرانیا."

وتیشی " هێشتا جۆرە سیستمەکە دیارینەکراوە، هەروەها نازانرێت بە چەندێک دەگاتە دەستمان و چەندی پێدەچێت تاوەکو جێگیر دەکرێت."

ڕۆژی یەکشەممە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا کریستین لامبرێخت بە ڕۆژنامەیەکی وت ئەڵمانیا سیستمی بەرگری موشەکی پاتریۆتی پێشکەشی پۆڵەندا کردووە تاوەکو بتوانێت ئاسمانەکەی بپارێزێت، ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو موشەکێک کە لە ئاڕاستەکەی لایدابوو لە پۆڵەندا کەوتە خوارەوە.

حکومەتی ئەڵمانیا پێشتر دوابەدوای ڕووداوەکە ئاماژەی بەوەدا بوو کە لە ڕووی ئاسایشی ئاسمانییەوە یارمەتی زیاتری پۆڵەندا دەدات، ئەوەش لە سەرەتادا ترسی ئەوەی لێکەوتەوە شەڕەکەی ناو ئۆکرانیا پەرەبسەنێت بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە.

ئەو موشەکەی کە هەفتەی ڕابردوو لە پۆڵەندایدا و بووە هۆی کوژرانی دوو کەس، سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی زیاتر وادەردەکەوێت لەلایەن هێزی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیاوە هەڵدرابێت وەک لەوەی هێرشێکی ئاسمانی ڕووسیا بووبێت.

سیستمەکانی بەرگری موشەکی پاتریۆت بەرپەرچی موشەکەکان دەدەنەوە، هەروەها لەسەر زەوی جێگیر دەکرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG