Accessibility links

سکرتێری ناتۆ: تەقینەوەکەی پۆڵەندا پێدەچێت بەهۆی موشەکێکی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیاوە بووبێت


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ، بڕۆکسل، 16 ی 11 ی 2022
سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ، بڕۆکسل، 16 ی 11 ی 2022

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ دەڵێت تەقینەوەکەی ڕۆژهەڵاتی پۆڵەندا لە نزیک سنووری ئۆکرانیا " پێدەچێت بەهۆی موشەکێکی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیاوە بووبێت کە بە مەبەستی بەرگریکردن لە خاکی ئۆکرانیا دژی موشەکە کروزەکانی ڕووسیا هەڵدراوە."

دوابەدوای کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە بڕۆکسل، ستۆڵتنبێرگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لەسەر هەڵسەنگاندنەکە ڕێککەوتوون، کە لە شیکارییە سەرەتاییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، هەروەها لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن.

وتی " بەڵام دەمەوێت ڕوون بم، ئەمە هەڵەی ئۆکرانیا نیە. ڕووسیا بە تەواوەتی بەرپرسیارە لە کاتێکدا کە بەردەوامە لە جەنگە نایاساییەکەی دژی ئۆکرانیا."

ستۆڵتنبێرگ وتیشی باشترین ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی ڕووداوی هاوشێوە لە داهاتوودا ئەوەیە ڕووسیا شەڕەکەی لە ئۆکرانیا ڕابگرێت.
بەڵام ڕەتی کردەوە وردەکاری زیاتر بدات کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا موشەکێکی ئۆکرانیا بەرپەرچی موشەکێکی ڕووسیای لە ناوچەکەدا داوەتەوە یاخود ئایا پارچەکانی موشەکە ڕووسییەکە دۆزراونەتەوە یاخود نا. ستۆڵتنبێرگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت ناتۆ دواتر بڕیار دەدات چەندێک زانیاری لە لێکۆڵینەوەکانییەوە ئاشکرا دەکات.

سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دوداش وتی " هیچ ئاماژەیەک نیە لەسەر ئەوەی ڕووسیا بە مەبەست هێرشی کردبێتە سەر وڵاتەکەی."

دودا وتی " بەرگرییەکانی ئۆکرانیا موشەکەکانیان بە ئاڕاستەی جۆراوجۆردا هەڵداوە و زۆر ڕێی تێدەچێت کە یەکێک لەو موشەکانە بە داخەوە کەوتبێتنە ناو خاکی پۆڵەنداوە."

لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕۆژی چوارشەممەدا ڕابەرانی وڵاتانی ناتۆ و کۆمەڵەی حەوت لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی بیستدا لە بالی ئیندۆنیسیا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی ڕووداوەکە.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دوای کۆبوونەوەکە وتی " ڕێککەوتووین لەسەر پشتیوانیکردنی پۆڵەندا لە لێکۆڵینەوەکانیدا سەبارەت بە تەقینەوەکەی ناو ناوچەیەکی گوندنشینی پۆڵەندا لە نزیک سنووری ئۆکرانیا. دڵنیا دەبمەوە لەوەی بۆمان دەربکەوێت بەڕاستی چی ڕوویداوە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG