بەرپرسانی پاکستان ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژە تیرۆردا لە ناوچەی باکووری ڕۆژئاوای پاکستان 12 چەکدار کوژراون کە پەیوەندییان بە گروپێکی توندڕەوی قەدەغەکراوەوە هەبووە.
سوپای پاکستان وتی چەکدارە کوژراوەکان " تیرۆریست " بوون و سەر بە گروپی تەهریکی تاڵیبانی پاکستان یاخود تاڵیبانی پاکستان بوون، کە هاوپەیمانی تاڵیبانی ئەفغانستانن.
سوپای پاکستان لە بەیاننامەیەکدا وتی بەهۆی " زانیارییە هەواڵگرییە وردەکانەوە " هێزەکانی ئاسایش توانیویانە بەرپەرچی چەکدارانی تەهریکی تاڵیبانی پاکستان بدەنەوە لە لاکی مەڕوات و لە ناوییان ببەن، ئەو ناوچەیەش دەکەوێتە هەرێمی خیبەر پاختونخواوە کە لەسەر سنووری ئەفغانستانە.
سوپا لە بەیاننامەکەدا وتی " لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر چەک و تەقەمەنی و دراوی ئەفغانیدا گیراوە."
ئۆپەراسیۆنەکەی هێزەکانی دژە تیرۆری پاکستان لە نێوەندی زیادبوونی هێرشەکانی تاڵیبانی پاکستاندایە لەو وڵاتەدا و کە لەم هەفتانەی دواییدا بوونەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس، بە هێزەکانی ئاسایشیشەوە، هەروەها بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان پاکستان و تاڵیبانی ئەفغانستاندا.
وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید لە ڕێی تەلەفونەوە بە دەنگی ئەمەریکای وت " ئیماڕاتی ئیسلامی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو چالاکییانەی ناو خاکی ئەفغانستان کە زیان بگەیەنن بەوانی دیکە."
بەڵام موجاهید داوای لە بەرپرسانی پاکستان کرد دەستبەجێ تۆمەتی کردەوە تیرۆریستییەکانی ناو پاکستان نەخەنە پاڵ ئەفغانستان، تەنانەت پێش ئەوەی بە تەواوەتی لێکۆڵینەوەی لێبکەن.
وتی " هەوڵی ئاشتی و ئاسایش دەدەین بۆ هەردوو وڵاتەکە. جەنگی ڕووخێنەرمان لە ئەفغانستان بینیوە و نامانەوێت هیچ کەسێک بە پاکستانیشەوە دووچاری ببێتەوە."
وتیشی " پاکستان دراوسێیەکی نزیکترە، وڵاتێکی دۆست و برایە. پەیوەندییەکی گرنگە بۆ ئێمە، هەرگیز نامانەوێت تێکی بدەین."
موجاهید وتیشی بەڕێوبەرایەتییەکەی تاڵیبانی ئەفغانستان پێشوازی لە بەرپرسانی پاکستان دەکات ئەگەر بیانەوێت سەردانی ئەفغانستان بکەن و تاوتوێی بابەتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هاریکارییەکان بکەن.
هەفتەی ڕابردوو بەهۆی بۆمبێکی بەهێزەوە مزگەوتێک لە پیشاواری پاکستان تەقییەوە، پیشاوار پایتەختی هەرێمی خیبەر پاختونخوایە، بەهۆیەوە نزیکەی 100 کەس کوژراون و ژمارەیەکی زیاتریش بریندار بوون. قوربانییەکان زۆربەیان ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش بوون.
تەهریکی تاڵیبانی پاکستان ڕەتی کردەوە دەستی هەبووبێت لە تەقینەوەکەدا، بەڵام بەرپرسانی پاکستان ئەو گروپەیان بە بەرپرس دانا و دووبارە داوایان لە کابوڵ کردەوە دژییان بجوڵێت، ئەوەش پەیوەندییەکانی خراپتر کرد.
تاڵیبانی پاکستان لەلایەن ئەمەریکاوە وەکو گروپێکی تیرۆریستی جیهانی ناسراوە، لە مێژە کردەوەی تیرۆریستی دژی پاکستان ئەنجام دەدات. توندوتیژییەکان بوونەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس، بە هاوڵاتیانی مەدەنی و هێزەکانی ئاسایشیشەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا