Accessibility links

کوژران و برینداربوونی دەیان کەس بەهۆی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە مزگەوتێکی پاکستان


کاربەدەستانی پاکستان دەڵێن لە ئاکامی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە مزگەوتێکی قەرەباڵغی شاری پیشاوەر، بە لای کەم 32 کەس کوژراون و 147 کەسی دیکە برینداربوون، برینی ژمارەیەکی زۆریان قورسە.

شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیری پاکستان وتی ئەم تەقینەوەیەی ڕۆژی دووشەممە کە لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە ڕوویداوە، لە ئەنجامی هێرشێکی خۆکوژییەوە بووە. سکەندەر خان بەرپرسی پۆلیس، ئەویش وتی لە کاتی تەقینەوەکەدا بە لای کەم 260 کەس لە ناو مزگەوتەکەدا بوون.


خواجە ئاسف، وەزیری بەرگری بە کەناڵی Geo TV وت بەپێی لێکۆڵینەوەکان، خۆکوژەکە لە ڕیزی پێشەوەی نوێژکەرەکاندا بووە.

لە بەهێزی تەقینەوەکە دیوارێکی مزگەوتەکە بەسەر نوێژەکەرەکاندا ڕووخاوە. مزگەوتەکە دەکەوێتە نێو شوێنی کۆمەڵە بینایەکەوە کە بارەگای فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاکە و بەشی دژە تێرۆریشی تیدایە، بۆیە زۆربەی قوربانییەکان لە هێزەکانی پۆلیسن.

یەک لە بریندارەکان بە دەنگی ئەمەریکای وت "هەر دوای ئەوەی پێشنوێژی مزگەوتەکە وتی الله اکبر تەقینەوەکە ڕوویدا و لە هۆش خۆم چووم."

ئەمە خوێناویترین هێرشە لەو شارەدا ڕووبدات لەوەتای مانگی سێی ساڵی ڕابردووە کە لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە مزگەوتێکی شیعەکان لە کاتی نوێژی جومعەدا بە لای کەم 58 کەس کوژران و نزیکەی 200 کەسیش برینداربوون. داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاند.


سەرچاوە / ڕۆیتەرز ، فڕانس پرێس، بەشی ئوردوی دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG