Accessibility links

تەقینەوەیەکدا لە بەلوچستانی پاکستان 12 قوربانی لێدەکەوێتەوە


Quetta Pakistan
Quetta Pakistan

بەپێی زانیارییەکان، تەقینەوەی بۆمبێک لە باشووری ڕۆژئاوای پاکستان ڕۆژی یەکشەممە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم سەربازێک و برینداربوونی 12 کەس لە نێویاندا خەڵکی سیڤیلیش.

دانیشتوان و بەرپرسانی بەلوچستان ڕایانگەیاندووە، هێرشەکە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی کردووەتە ئامانج لە دەروازەی بازگەیەکی ئەمنی لە ناوەندی شاری کوێتەی پایتەختی ستانی بەلوچستان.

نە پۆلیسی پارێزگاکە و نە باڵی میدیایی سەربازی هیچ وردەکارییەکیان سەبارەت بە قوربانییەکان و شێوازی تەقینەوەکەی کوێتە بڵاو نەکردووەتەوە.

گروپی یاخیبوانی تاڵیبانی پاکستان کە بە تەحریکێ تاڵیبانیش ناسراون (TTP ) بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتووەتە ئەستۆ و دەڵێت یەکێک لە هێرشەبەرە خۆکوژەکانی هێرشەکەی دژ بە کاروانێکی لەشکری ئەنجام داوە. گروپەکە ڕێژەی قوربانییەکانی زۆر زیاتر ڕاگەیاندووە، بەڵام زۆربەی جار ئەو گروپانە ڕێژەی زیانە گیانییەکان لەو جۆرە هێرشانەیاندا زیاتر ڕادەگەیەنن.

کارمەندانی بەهاناچوون پشتڕاستیان کردووەتەوە پێنج ڕێبوار بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی نزیک ناوچەکە کراون.

ئەم هێرشە دوای چەند ڕۆژێک بوو لە تەقینەوەیەکی گەورە کە کرایە سەر مزگەوتێکی پڕ لە خەڵک لە پیشاوەری پایتەختی ستانی خەیبەر پختونخوای باکووری ڕۆژئاوا و نزیکەی 100 کەس کوژران و زیاتر لە 150 کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە تەقینەوەکەی پیشاوەردا ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی پۆلیسی پارێزگاکە کوژران و برینداربوون. دەسەڵاتدارانی پاکستان ڕایانگەیاند، خۆکوژێک بە جلوبەرگی پۆلیسەوە لە ناو مزگەوتەکەدا خۆی تەقاندەوە.

تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی خۆی لە کوشتارەکەی پیشاوەر ڕانەگەیاندووە. بەرپرسان گروپی TTPیان بە تاوانبار زانی بەڵام یاخیبووان ڕەتیانکردەوە دەستیان لەو هێرشەدا هەبوبێت.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG