Accessibility links

کۆریای باکوور: نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت داوای کۆتایی هێنان بە مەشقە سەربازییەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور بکات


وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد داوا بکات بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور، وتی مەشقەکان بوونەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کیم سۆن گیۆنگەوە بڵاویکردەوە مەشق و لێدوانەکانی هاوپەیمانان " بە شێوەیەکی نا بەرپرسانە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوە بەرز دەکەنەوە."

بەرپرسانی دوو وڵاتەکە ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند ئەمەریکا و کۆریای باشوور لە مانگی سێدا مەشقێکی سەربازیی بەرفراوان ئەنجام دەدەن کە زیاتر لە 10 ڕۆژ دەخایەنێت.

ئەمەریکا و کۆریای باشوور وتیان مەشقەکان بۆ بەرگریکردنە لە خۆیان و پێویستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی هەڕەشەکان لە بەرنامە ئەتۆمی و موشەکە باڵیستیکییەکانی کۆریای باکوورەوە، کە بەپێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو بەرنامانە قەدەغە کراون.

کۆریای باکوور ڕۆژی شەممە بەرپرسیارێتی شکستی پەیماننامەکانی کۆنتڕۆڵکردنی چەکی خستە ئەستۆی ئەمەریکا و وتی چەکە ئەتۆمییەکانی پیۆنگیانگ تەنها وەڵامێکن بۆ دڵنیا بوونەوە لە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا.

ڕۆژی هەینی ئەمەریکا و کۆریای باشوور مەشقێکی سەربازیی دیکەیان ئەنجامدا کە بۆمبڕێژی مەودا دووری ئەمەریکا و فڕۆکەی شەڕکەری کۆریای باشوور بەشدارییان تێدا کرد.

کیم وتی " نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بە توندی داوا لە ئەمەریکا و کۆریای باشوور بکەن دەستبەجێ لێدوان و مەشقە سەربازییە هاوبەشە وروژێنەرەکانیان ڕابگرن."

وتیشی بە داخەوەیە لەسەر ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگ بووە سەبارەت بەو مەشقانە کە " بە ئاشکرا دیارە سروشتێکی دوژمنکارانەیان " هەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG