کۆریای باکوور ڕۆژی شەممە ئەمەریکای بە هۆکاری ئەوەی کە بە وتەی خۆی داڕمانی سیستمە نێودەوڵەتییەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک ، تاوانبار کرد و ڕایگەیاند کە چەکی ئەتۆمی پیۆنگ یانگ وەڵامێکی دادپەروەرانەیە بۆ دەستەبەرکردنی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا.
وەزارەتی دەرەوەی کۆریا لە شرۆڤەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی KCNA هەڵیگرتووە، ڕایگەیاندووە، "نیمچە دوورگەی کۆریا بەهۆی پلانی فراوانکردنی سەربازییەوە بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا و شوێنکەوتووانی، دەگۆڕێت بۆ گەورەترین مەیدانی شەڕ و مەشقکردنی جەنگ لە جیهاندا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەنگاوەکانی ئەم دواییەی کۆریای باشوور و ژاپۆن دەریخستووە کە بنیاتنانی سەربازی لەلایەن ئەمەریکا و شوێنکەوتووانیەوە هێڵی مەترسی دەبڕێت و ئەمەش تەحەمول ناکرێ.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێت کە ئەمەریکا و کۆریای باشوور ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند کە پلانیان هەیە لە ١٣-٢٣ی ئازاردا مانۆڕی سەربازی بەرفراوان ئەنجام بدەن بۆ بەهێزکردنی هەڵوێستی بەرگریی هاوبەشی هاوپەیمانان، لەوانەش گرنگیدان بەو شتەی کە ناویان ناوە دەستدرێژی کۆریای باکوور.
کۆریای باکوور دەڵێت، ئەم جۆرە مانۆڕە سەربازییە هاوبەشانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دوژمنایەتیە و نیازی گۆڕینی ڕژێمیان لە باکووردا هەیە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز