Accessibility links

ئەمەریکا مەشقی سەربازی هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئاسیادا ئەنجام دەدات


ئەمەریکا مەشقێکی سەربازی ئاسمانی هاوبەشی لەگەڵ کۆریای باشوور و ژاپۆندا ئەنجامدا، فڕۆکەی بۆمبڕێژیش بەشدارییان لە مەشقەکەدا کرد، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی کۆریای باکوور موشەکێکی باڵیستیکی کیشوەربڕی هواسۆنگ -15 ی تاقیکردەوە.

سەرۆک ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور گوتی مەشقەکە توانا زۆرەکانی بەرگری و ئامادەیی هاوپەیمانانی دەرخست. وتیشی فڕۆکەکانی F-35A و F-15K ' کانی کۆریای باشوور و فڕۆکە شەڕکەرە F-16 ' کانی ئەمەریکا هاوەڵی فڕۆکەی بۆمبڕێژی ئەمەریکی B-1B کردووە.

سوپای کۆریای باشوور گوتی " مەشقەکە توانا هاوبەشەکانی ئۆپەراسیۆنی پتەوتر کرد و جەختی لە پابەندبوونی جێگیری ئەمەریکا کردەوە بۆ بەرگریکردن لە نیمچە دوورگەی کۆریا و جێبەجێکردنی ڕێگریکردنێکی درێژخایەن."

وەزارەتی بەرگری ژاپۆن گوتی ژاپۆن لە مەشقێکی تاکتیکیدا فڕۆکەی F-15 ی لەگەڵ فڕۆکە F-16 ' کانی ئەمەریکا و فڕۆکە بۆمبڕێژە B-1Bییەکانی ئەمەریکادا بەسەر دەریای ژاپۆندا برد. وتیشی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە " زۆر مەترسیدارە " دوای ئەوەی موشەکەکەی کۆریای باکوور لە نێو ناوچەی ئابووری تایبەتی ژاپۆندا کەوتە خوارەوە.

وەزارەتەکە گوتی " ئەم مەشقە دوو لایەنەیە دووبارە جەخت لە خواستی بەهێزی نێوان ژاپۆن و ئەمەریکا بۆ وەڵامدانەوەی هەر دۆخێک و ئامادەیی هێزەکانی بەرگری ژاپۆن و هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا دەکاتەوە، هەروەها ڕێگریکردنەکان و تواناکانی وەڵامدانەوەی هاوپەیمانییەکەی ژاپۆن و ئەمەریکا پتەوتر دەکات."

مەشقە ئاسمانییەکان ڕۆژێک دوای ئەوە بوون کۆریای باکوور موشەکێکی باڵیستیکی مەودا دووری هەڵدایە دەرەوەی کەناری ڕۆژئاوای ژاپۆنەوە، ئەوەش دوابەدوای هۆشدارییەکەی پیۆنگیانگ دژی مەشقە سەربازییەکانی دواتری ئەمەریکا و کۆریای باشوور.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG