Accessibility links

خوشکەزای خامەنەئی داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران بپچڕن


خوشکەزای ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی کە چالاکەوانێکی مافەکانی مرۆڤیشە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا داوای لە حکومەتەکانی جیهان کرد سەرجەم پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاراندا بپچڕن، ئەوەش بەهۆی سەرکوتکاریی و توندوتیژییەکانی بەرپرسانی ئێرانەوە دژی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی وڵاتەکە.

فەریدە موڕادخانی چالاکەوان و ئەندازیار کە باوکی کەسایەتییەکی دیاری ئۆپۆزسیۆن بووە و هاوسەرگیری لەگەڵ خوشکی خامنەئیدا کردووە، بە شێوەیەکی بەرچاو ڤیدیۆکەی لە ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە.


موڕادخانی وتی " گەلانی ئازاد، لەگەڵمان بن و بە حکومەتەکانتان بڵێن چیتر پشتیوانی لەم ڕژێمە بکوژ و منداڵ کوژە نەکەن. ئەم ڕژێمە هاوسۆزی بۆ هیچ کام لە بنەما دینییەکانی نیە و هیچ یاسایەکی دیکە جگە لە بەکارهێنانی هێز و پاراستنی دەسەڵات نازانێت."

دەزگای هەواڵی چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە زیاتر لە دوو مانگی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەدا تاوەکو 26 ی مانگی یانزە 450 خۆپیشاندەر کوژراون و 63 مێرمنداڵییان تێدا بووە. دەشڵێت 60 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش کوژراون و 18,173 خۆپیشاندەر دەستگیرکراون.

ڕۆژی یەکشەممە ماڵپەڕی ئینتیخان لە ئەندام پەرلەمانی شاری مهاباد جەلال مەحمودزادەوە لە میانەی مشتومڕێکدا لە پەرلەمان بڵاویکردەوە لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا نزیکەی 105 کەس لە ناوچە کوردنشینەکان کوژراون.

جێی ئاماژەیە خۆپیشاندەرانی ئێران لە هەموو چینەکانی کۆمەڵگە وێنەکانی خامنەئییان سوتاندووە و داوای ڕووخانی ڕژێمە شیعەکەی ئێرانییان کردووە.


ڤیدیۆکەی فەریدە موڕادخانی ڕۆژی هەینی لەلایەن مەحمود موڕادخانییەوە بڵاوکرایەوە کە لە فەڕەنسا دەژی لە هەژماری تایبەتی خۆیدا لە تویتەر خۆی بە " ڕکابەری کۆماری ئیسلامی " ناساندووە، دواتریش ڤیدیۆکە لەلایەن چالاکەوانە دیارەکانی مافەکانی مرۆڤی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە.

لە 23 ی مانگی یانزەدا مەحمود موڕادخانی ئاماژەی بەوەدا دەستگیرکردنی خوشکەکەی لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە لە کاتێکدا بووە کە فەریدە بەرەو دادگا ڕۆیشتووە تاوەکو بچێتە بەردەم ئۆفیسی دادوەری گشتی تاران. فەریدە لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا لەلایەن وەزارەتی هەواڵگری ئێرانەوە دەستگیرکرا و دواتر بە کەفالەت ئازاد کرا.

دەزگای هەواڵی چالاکەوانی مافەکانی مرۆڤ وتی فەریدە لە بەندینخانەی ئیڤینی تاران بووە. وتیشی پێشتر موڕادخانی ڕووبەڕووی سزای 15 ساڵ زیندانی بۆتەوە و تۆمەتەکەشی کە خراوەتە پاڵی دیارینەکراوە.

باوکی فەریدە، عەلی موڕادخانی ئارانگش مەلایەکی شیعە بووە و هاوسەرگیری لەگەڵ خوشکی خامنەئیدا کردووە، بەپێی ماڵپەڕەکەی لەمدواییانەدا دوای چەند ساڵێک لە دووربوونی بەهۆی هەڵوێستییەوە دژی کۆماری ئیسلامی، لە تاران کۆچی دوایی کرد.

فەریدە لە ڤیدیۆکەیدا دەڵێت " ئێستا کاتی ئەوەیە سەرجەم وڵاتانی ئازاد و دیموکرات نوێنەرانیان لە ئێران بکشێننەوە، ئەوەش وەکو دەستپێشخەرییەکی سیمبولی و دەرکردنی نوێنەرانی ئەم ڕژێمە دڕندەیە لە وڵاتەکانیان."

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆی دەنگ بڕیاریدا ئەرکێکی لێکۆڵینەوەی دیکە دەستپێبکات بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرکوتکارییە توندوتیژییەکەی ئێران دژی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG