Accessibility links

ئێران هێزی سەربازی زیاتر ڕەوانەی ناوچە کوردنشینەکان دەکات


لە نێوندی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا، دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران دەڵێت سوپای پاسدارانی ئێرانی هێزی زیاتری ڕەوانەی ناوچە کوردنشینەکانی وڵاتەکە کردووە، ئەوەش دوای خۆپیشاندانەکانی ناوچەکانی کەمینە بەلووچەکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران.

خۆپیشاندانەکانی ئێران کە بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵەوە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا سەریانهەڵدا، زۆر بە خێرایی بە سەرانسەری ئێراندا پەرەیان سەندووە، بەڵام لەو شوێنانەدا زۆرتر بوون کە زۆرینەی دانیشتوانەکانیان نەژادە کەمینەکانن، زۆربەشیان موسوڵمانی سوننەن.

کەسایەتییەکی دیاری ئاینی سوننەی بەلووچەکان، مۆلاڤی عەبدولحەمید لە زاهیدان داوای کۆتایی هێنان بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی کرد کە بەردەوام دەستگیر دەکرێن و دەکوژرێن.

گوتی " خۆپیشاندانی خەڵکەکە دەریخست کە سیاسەتەکانی 43 ساڵی ڕابردوو گەیشتوونەتە کۆتاییەکی داخراو."

چەند دەزگایەکی هەواڵی بڵاوییان کردەوە هێزی سەربازیی زیاتری سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە تایبەتییەکان بەرەو سنوورەکانی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای ئێران ڕەوانە کراون، کە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە کوردن.

دەزگای هەواڵی تەسنیمی ئێران وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران دەبیندرێت لە ئوتومبێلێکی سەربازیدان و سڵاو لە هێزەکان دەکەن.

ئێران ڕۆژئاوای تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پلان داڕشتن بۆ خۆپیشاندانەکان و خۆپیشاندەرانی نەژادە کەمینەکانیشی بە تۆمەتی کارکردن لە جیاتی گروپە جیاخوازەکان تۆمەتبار کردووە.

سەرکوتکارییەکان لە ناوچە کوردییەکانی ئێران پەرەیان سەندووە، کۆمسیاری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی ڕابردوودا وتی زیاتر لە 40 حاڵەتی گیان لە دەستدان لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لەو ناوچانە تۆمار کراون.

مۆلاڤی عەبدوڵحەمید سەرکۆنەی دەستگیرکردنەکانی کرد و گوتی " لە ڕاگەیاندنەکاندا کۆمەڵە شتێک دەوترێن لەسەر خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ئافرەتاندا کە زۆر سەختن و ناتوانم باسییان بکەم." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو ڕاپۆرتانەی کە گوایە ئەو ئافرەتانەی دەستگیرکراون ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG