Accessibility links

بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی ئێران: لە شاخەکانی کوردستان هیچ شەهید و بریندارێکمان نەبووە


بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی ئێران دەڵێت تا ئێستا ئێران نەهاتووەتە ناو هەرێمی کوردستان، پێشتر هاتووەتە ناوچەی سورین و قەندیل و مۆڵگەی داناون، بەڵام لەم ماوە نزیکانە تەنها لە هاوینی ئەمساڵدا بنکەیەکی لە ناوچەی هەڵگورد داناوە و ئیتر لەو شوێنانەن و تا ئێستا پێشڕەویان نەکردووە ئەوەندەی ئـەوان ئاگایان لێی هەیە.

کاوە بەهرامی بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی ئێران بۆ دەنگی ئەمەریکا لە بارەی ئەو ناوچانەی کە ئێران لەشکری بۆ هێناون گوتی " ئێران بە چەکی جۆراوجۆرەوە هێزی هێناوە بۆ سنورەکانی کوردستان و دەیەوێ هەم خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکوت بکات و هەمیش ببێتە هەڕەشەیەک بۆ هەرێمی کوردستان."

دەشڵێت بە درێژایی سنورەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە ناوچەی مەریوان و بانە تا دەگاتە سەقز، سەردەشت، پیرانشار و شنۆ و تەواوی سنورەکان پێشتر ئێران هێزی زۆری بۆ هێناوە.

سەبارەت بەوەی کە لەم ماوەیەدا بارودۆخی پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە شاخەکاندا چۆنە و ئایا هیچ پێشمەرگەیەکیان گیانی لەدەستداوە یاخود برینداربووە؟ لەوبارەیەوە ئـەو بەرپرسەی پێشمەرگەکانی کوردستانی ئێران گوتی" لە شاخەکانی کوردستان هیچ بریندار و شەهیدێکمان نەبووە و لەوێ بۆ ئێمە زۆر ئاساییە و ئێمە ڕاهاتووین لەگەڵ هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە شاخەکانی کوردستان هیچ شەهید و بریندارێکمان نەبووە."

بەهرامی بەم شێوەیە باسی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ناوچە سنورییەکان ئەو دەڤەرانە بەگشتی دەکات و دەڵێت " ئێران بە درۆن و مووشەک و کاتیۆشا و جۆرەها چەکی قورس هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچانە، لە ناوچەی سیدەکان تا دەگاتە چۆمان و قەندیل ئارامی تێکداوە و زیاتر خەڵکی باشووری کوردستان زەرەرمەندبوونە."

ئەو بەرپرسەی پێشمەرگە داوا لە حکومەتی عێراقی دەکات کە لەبەرامبەر پێشێلکردنی سەروەری عێراق بێنە دەنگ، هەروەها داوا لە ڕای گشتی جیهان دەکات کە بێنە دەنگ و دەڵێت" ئێران خەریکە کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردستانی ئێران دەکات."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا کاوە بەهرامی بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بەوەی کە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ داواکارییەکیان لێکردوون کە لەو ناوچە سنورییانەدا نەمێنن، دەڵێت " ئـەوان بە ‌ئێمەیان ڕاگەیاندووە بەڵام ئێمە تازە نەهاتووینەتە سەر شاخەکان ئێمە 43 ساڵە لەو شاخانەدا بوونمان هەیە، پێش ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ببێتە حکومەت و بەر لەوەی ئەم حکومەتە تازەیەی عێراقیش بێت ئێمە درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆمان دەدەین."


XS
SM
MD
LG