Accessibility links

بەریتانیا پێشکەوتووترین تانکەکانی ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات


ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانی
ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانی

ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە بەریتانیا هەندێک لە تانکە پێشکەوتووەکانی لەگەڵ پشتیوانی تۆپخانەیی زیاتر دەنێرێتە ئۆکرانیا و ئەمەش کاردانەوە و سەرکۆنەکردنی خێرای باڵیۆزخانەی ڕووسیای لە لەندەن لێکەوتەوە.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بە ئاماژەدان بە پەرەسەندنی هێرشەکانی ڕووسیا چەندین جار داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کردووە چەکی قورس و پێشکەوتوو بدەنە وڵاتەکەی.

حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند کە ڕیشی سۆناک، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ڕۆژی شەممە ١٤ی ئەم مانگە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ زێلێنسکی ڕایگەیاندوە کە بەڕێوبەرایەتییەکی خۆی ئامادە دەکات بۆ ناردنی ژمارەیەک تانکی "چاڵێنجێر٢" بۆ ئۆکرانیا.

چالێنجێری ٢ (Challenger 2) پێشکەوتووترین تانکی هێرشبەری سوپای بەریتانیایە و تەیارە بە تۆپی دوور مەودای 120 ملم کە دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت لە زیادکردنی هێزی بەرگری هێزەکانی ئۆکرانیا لە بەرامبەر هێرشەکانی ڕووسیادا.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە پەیامێکی تویتەردا ڕایگەیاندووە کە بڕیارەکەی حکومەتی بەریتانیای لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ سۆناک بە بەرز نرخاندووە و نووسیوێتی ئەم بڕیارە نەک هەر دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هێزەکانی ئۆکرانیا، بەڵکو پەیامێکی گرنگ بۆ هاوبەشەکانی دیکەش دەنێرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی سکای نیوز، نزیکەی١٢ تانک دابین دەکران کە ڕەوانەی ئۆکرانیا بکرێن، ئەمەش بۆ یەکەمجارە کە چەکی ڕۆژئاوایی لەو جۆرە بدرێتە ئۆکرانیا. نوسینگەی سوناک ئاماژەی بەوەشکردووە بەم زووانە وردەکاری زیاتر سەبارەت بە جێگیرکردنی تانکەکان دەخاتەڕوو.

باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە لەندەن ڕایگەیاندووە کە بڕیاری ناردنی تانکەکان دەبێتە هۆی درێژبوونەوە شەڕەکە و بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان، لەوانەش هاوڵاتیانی مەدەنی و هەروەها بەڵگەیە لەسەر "تێوەگلانی بەرچاوی لەندەن لە ململانێکاندا".

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG