Accessibility links

ماکرۆن: هەمووشتێک دەکەین بۆ ڕاگرتنی هێزەکانی ڕووسیا


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی هێزەکانی فەڕەنسا و هاوپەیمانێتی ناتۆی کرد لە ڕۆمانیا، لەکاتێکدا هەوڵدەدات نیگەرانییەکانی ئۆکرانیا و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا سەبارەت بە هەڵوێستی فەڕەنسا بەرامبەر ڕووسیا بڕەوێنێتەوە.

ڕۆژی سێشەممە ماکرۆن گەیشتە ڕۆمانیا و گەشتە سێ ڕۆژییەکەی بۆ بەرەی باشووری هاوپەیمانێتی ناتۆ دەستپێکرد، دواتر سەردانی ماڵدۆڤاش دەکات.

دوو سەرچاوەی دیبلۆماتی وتیان ڕەنگە ماکرۆن لە گەشتەکەیدا لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماریۆ دراگیدا سەردانی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیاش بکەن.

ماکرۆن لەلایەن ئۆکرانیا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە ڕەخنەی لێگیراوە لەسەر هەڵوێستی وڵاتەکە بەرامبەر پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا لە جەنگەکەیدا دژی ڕووسیا.

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بەرپرسانی فەڕەنسا هەوڵیانداوە پەیامی فەڕەنسا توندتر بکەنەوە، هاوکات ماکرۆن لە سەردانەکەیدا بۆ ڕۆمانیا بە تۆنێکی توندتر بەرامبەر ڕووسیا قسەی کرد.

ماکرۆن لە بنکەیەکی سەربازیی لە ڕۆمانیا بە هێزەکانی فەڕەنسا و ناتۆی وت " هەمووشتێک دەکەین بۆ ڕاگرتنی هێزەکانی ڕووسیا."

وتیشی " بەڵام بۆ داهاتوویەکی پێشبینیکراو، پێویستە بپارێزین و ڕێگری بکەین و بوونمان هەبێت."

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ماکرۆن وتی پێویستە ڕووسیا " شەرمەزار " نەکەین تاوەکو بتوانین کاتێک جەنگەکە کۆتایی هات چارەسەرێکی دیبلۆماتی لەگەڵ ڕووسیادا بدۆزینەوە. هەروەها بەردەوام بووە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کرێملندا.

فەڕەنسا ڕابەرایەتی هێزەکانی ناتۆ دەکات لە ڕۆمانیا، 800 سەربازیی ناتۆ لەو وڵاتەدا بوونیان هەیە، 500 سەربازییان فەڕەنسین و سەربازەکانی دیکە لە هۆڵەندا و بەلجیکاوە ڕەوانە کراون. پاریس موشەکی دژە فڕۆکەشی ڕەوانەی ڕۆمانیا کردووە.

دواتر ڕۆژی چوارشەممە ماکرۆن سەردانی ماڵدۆڤا دەکات و پشتیوانی خۆی بۆ ئەو وڵاتە دەردەبڕێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ترس هەیە لەوەی ململانێکانی ناو ئۆکرانیا پەرەبسەنن بۆ ماڵدۆڤاش.

سەرچاوە دیبلۆماتییەکان دەڵێن ڕەنگە ڕۆژی پێنجشەممە سێ ڕابەری ئەوروپی سەردانی کیێڤ بکەن، بەڵام ئۆفیسی سەرۆکایەتی فەڕەنسا ڕەتی کردەوە سەردانەکە پشتڕاست بکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG