Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت سەربازەکانی لە بەرگریکردن لە سیڤیرۆدۆنێتسک بەردەوامن


ئۆکرانیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی هێشتا لە ناو شاری سیڤیرۆدۆنێتسکدا خۆیان ڕاگرتووە و هەوڵی گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی دەدەن، دوای ئەوەی ڕووسیا دوایەمین پردی بەرەو شارە وێرانکراوەکەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە تەقاندەوە. ئەمەش یەکێک بووە لە خوێناویترین هێرشەکانی جەنگەکە کە ئەگەری هەیە ببێتە خاڵی وەرچەرخان.

ڕووسیا گوتی تا بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە دەرفەتی خۆبەدەستەوەدان بە چەكدارانی ئۆكرانیا دەدات كە لە كارگەیەكی كیمیایی لەناو شارەكەدا گەمارۆدراون. زاری میخائیل میزینتسێڤ، سەرۆکی ناوەندی بەڕێوەبردنی بەرگری نیشتمانی ڕووسیا، لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکسەوە داوای لە سەربازانی ئۆکرانیا کرد " بەرگری بێمانایان ڕابگرن و چەکەکانیان دابنێن."

گوتیشی ڕێ بە خەڵکی مەدەنی دەدرێت لە ڕێگەی "ڕێڕەوێکی مرۆییەوە" ناوچەکە چۆڵبکەن.

ئۆلیکساندر ستریۆک، سەرۆکی شارەوانی شارەکە، ڕایگەیاند "دۆخەکە زۆر سەختە" بەڵام سەربازەکانی ئۆکرانیا لە پەیوەندیدان لەگەڵ ئۆفیسەکەی. ئەمە سەرەڕای ئەوەی دوایین پردی سەر ڕووباری سیڤێرسکی دۆنێتسدا وێرانکراوە. گوتی، "سەربازانی ڕووسیا هەوڵدەدەن هێرش بکەنە سەر شارەکە، بەڵام سوپای ئۆکرانیا خۆڕاگرانە بەرگری دەکات".

ئۆکرانیا دەڵێت زیاتر لە 500 هاوڵاتی مەدەنی لەناو کارگەی کیمیایی ئازۆتدا گیریان خواردووە کە هێزەکانیان چەند هەفتەیەکە بەرەنگاری بۆردومان و هێرشەکانی ڕووسیا بوونەتەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG