Accessibility links

جۆن مەککەین کۆچی دوایی کرد


سیناتۆری ئەمەریکایی جۆن مەککەین پاش ململانێـیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەی مێشک ئەمڕۆ شەممە لە تەمەنی 81 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئۆفیسی سیناتۆر مەککەین ڕایگەیاند لە کاژمێر 4:28 ی پاش نیوەڕۆی 25 ی مانگی هەشتی ساڵی 2018 سیناتۆر مەککەین بۆ دواجار چاوەکانی لێکنا.

جۆن مەککەین زیاتر لە ساڵێکە چارەسەری پـزیشکی وەردەگرد. هەفتەی ڕابردوو خێزانەکەی ڕایگەیاند سیناتۆر مەککەین بڕیاری داوە چیتر بەردەوام نەبێت لە وەرگرتنی چارەسەری پـزیشکی.

سیناتۆر مەککەین بە درێژایی 60 ساڵ خزمەتی وڵاتەکەی کردووە. ساڵی 1958 گۆلێژی سەربازی تەواوکردووە و پاشان بووە بە فڕۆکەوان و لە شەڕی ڤێتنام لە ساڵی 1967 فڕۆکەکەی بە موشەکێک دەکەوێتە خوارێ و بە دیلی دەستگیرکرا و پاشان لە ساڵی 1973 ئازادکرا.

جۆن مەککەین هەرچەندە سیاسەتمەدارێکی کۆماری بوو، بەڵام چەندان جار بۆچونی جیاوازی لەگەڵ پارتەکەی هەبووە، ئەمەش وەهای لێکردبوو پـێگەیەکی تایبەتی خۆی هەبێت. یەکێک بوو لەو سیناتۆرانەی تێڕوانینەکانی زۆر بە هێند وەردەگیران. تەنانەت زۆر جار وەک سیناتۆرێک سەردانی وڵاتانی دەکرد تاوەکو لە نزیکەوە ئاگاداری پـێشهاتەکان بێت و دواتر کۆنگرێس لە تێڕوانینەکانی ئاگاداربکاتەوە.

سیناتۆر مەککەین کە نوێنەرێکی ویلایەتی ئەریزۆنا بوو لە ئەنجومەنی سینات، خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2008 کاندید کرد، بەڵام نەیتوانی سەرکەوتن بە سەر سەرۆکی پـێشوو براک ئۆباما تۆماربکات.

سەرۆک ترامپ لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە پـرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خێزانی جۆن مەککەین کرد و نووسیویەتی "دڵمان و نوێژ و نزامان لەگەڵ ئێوەیە."

مانگی پـێنجی ساڵی 2017 کاتێک پاسەوانەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیالە واشنتنی پایتەخت پەلاماری خۆپـیشاندەرانیان دا کە زۆربەیان کوردبوون، جۆن مەککەین داوای دەرکردنی باڵیۆزی تورکیای کرد.

مانگی دەی ساڵی 2017کاتێک حکومەتی عێراق هێرشی کردە سەر هێزە کوردیـیەکان لە شاری کەرکوک، مەککەین ناڕەزایی توندی خۆی دەربڕی.

XS
SM
MD
LG