Accessibility links

سیناتۆر مەککەین: گرنگە عەبادی سەرەک وەزیر و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبکەن بە دیالۆگ

  • VOA News

جۆن مەککەین، سیناتۆری ناوداری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری لەشکرییە لە سیناتدا ڕاگەیاندنێکی سەبارەت بە ڕووداوەکانی کەرکوک بڵاو کردەوە.

جۆن مەککەین دەڵێت بە قووڵی نیگەرانە لەو پێشڕەویانەی هێزە سەربازییەکانی حکومەتی عێراق کردوویانە دژی شوێن و پێگەکانی کورد لە کەرکوک.

سیناتۆر مەککەین دەڵێت بە تایبەتیش نیگەرانیی هەیە لەسەر ئەو هەواڵانەی باس لە بوونی ئێرانییەکان و ئەو هێزانەش دەکەن کە ئێران پشتیوانییان دەکات بە بەشێک لەو شەڕانە. و دەشڵێت دەبێت لەشکری عێراق دەستبەجێ ئەو هەنگاوانە بگرێتە بەر کە دەبنە مایەی دامرکاندنەوەی ڕەوشی توندوتیژی لە ناوچەکەدا لە ڕێی ڕاگرتنی پێشڕەویەکانیانەوە.

سیناتۆر جۆن مەککەین لە ڕاگەیاندنەکەیدا نوسیویە "وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆمەکی لەشکرییانەی حکومەتی عێراقی کردووە و هەروەها مەشق و ڕاهێنانیشی بە سەربازە عێراقییەکان کردووە تا خۆی لە هێرشە دەرەکییەکان بپارێزێت، نەک هێرشی پێبکاتە سەر پێکهاتەیەکی حکومەت کە هاوبەشێکی پشتیوان و گرنگی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. هەڵە مەکەن و بەرەنجامی خراپی دەبێت ئەگەر ببینین کەرەستە و کەلوپەلی ئەمریکا بە خراپ بەکاربهێنرێن."

سیناتۆر مەککەین دەڵێت گرنگە عەبادی سەرەک وەزیر و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبکەن بە دیالۆگ لەبارەی خواستی خەڵکی کوردەوە بۆ خودموختارییەکی گەورەتر لە بەغدا لە کاتێکیگونجاودا و پێویستیشە دەستبەجێ شەڕانگێزی ڕابگیرێت.

XS
SM
MD
LG