Accessibility links

جۆن مەککەین داوای دەرکردنی باڵیۆزی تورکیا لە ئەمەریکا دەکات


سیناتۆرێـکی گەورەی کۆماری داوایکرد وڵاتەکەی باڵیۆزی تورکیا لە واشنتن دەربکات، پاش ئەوەی پاسەوانانی سەرۆکی تورکیا لەگەڵ هێزی تایبەتی تورکی ڕۆژی سێشەممە لە خۆپـیشاندەرانیان دا لە ناوجەرگەی واشنتنی پایتەخت.

جۆن مەککەین ئەمڕۆ لە لێدوانێـکدا بۆ کەناڵی MSNBC ی گوتی "ئێرە ئەمەریکایە نەک تورکیا یان وڵاتێـکی جیهانی سێـیەم، بۆیە ئەم جۆرە ڕەفتارانە نابێت بەبێ وەڵامدانەوە تێپەڕببن، ئیدی ئایا بە ڕێگەی دیپلۆماتی بێت یان دەشێت سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەین بەو پـێـیەی دەکرێت ئەو کەسانە بناسرێنەوە."

پاشان بێژەرەکە پرسیاری لێکرد و گوتی"بە چاوی خۆتان دەبینن ئەو شەقاوەیانە ڕاستەوخۆ پەیوەندیـیان بە ئەردۆغانەوە هەیە، باشە کۆشـکی سـپی دەبێت لە ئێستادا چ هەنگاوێک بنێت و ئێوەش لە ئەنجومەنی سیناتدا چیتان پـێـدەکرێت."

لە وەڵامدا مەککەین گوتی" وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پـێکرد دەبێت باڵیۆزی تورکیا دەربکرێت، چونکە ئەوانە کەسانی ئاسایی نین و پاسەوانانی ئەردۆغانن و پـێدەچێت کەسێـک فەرمانی پـێکردبن بڕۆن و لەو خۆپـیشاندەرە ئاشتیخوازانە بدەن."

لە کۆتایدا گوتی "بۆیە پێموایە دەبێت ئەو کەسانە سزابدرێن، چونکە یاسای ئەمەریکایان پـێشێلکردووە، بۆیە نابێت ڕەفتاری لەو جۆرە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕووبدات، خەڵکی لە وڵاتی ئێمە مافی هەیە بە ئاشتیانە خۆپـیشاندان بکات، و خۆپـیشاندەرەکانیش بە ئاشتیانە خۆپـیشاندانی خۆیان دەکرد."

لە لایەکی دیکە چوار سیناتۆری دیکەی کۆماری بە توندی هێرشی پاسەوانانی تورکیایان شەرمەزارکرد و داوایان لە تورکیا کرد دەسـتبەجێ داوای لێبوردن بکات.

تۆم کۆتن سیناتۆری ئەرکەنساس، تێد کروز سیناتۆر تەکساس، میک لێ سیناتۆر یوتا، مارکۆ ڕوبیۆ سیناتۆری فلۆریدا، ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویانە بە توندی ئەو توندوتیژیـیە شەرمەزاردەکەن کە کاربەدەستانی تورک تیایدا دەسـتیان هەبووە.

دەڵێن ئەمە پـێشێلکردنی ساناترین بنەماکانی کاری دیپـلۆماسیـیە و سووکایەتیکردنێکە بە ئەمەریکا و بەو بەهایانەی هەیەتی لە مافی ئازادی ڕادەربڕین کە لە دەستوردا هاتووە. دەشڵێن ئەوەی زۆر نیگەرانی کردوون ئەمە لە لایەن یەکێـک لە هاوپەیمانەکانیان لە ناتۆ ڕوویداوە.

جێی ئاماژەیە کاربەدەستێـک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ دەنگی ئەمەریکای پشتڕاستکردەوە، دوێنێ چوارشەممە سەردار کیلیچ باڵیۆزی تورکیا لە واشنتن بانگهێشتی وەزارەتەکە کراوە و تۆماس شانۆن جێگری وەزیری دەرەوە لەگەڵیدا کۆبووەتەوە.

XS
SM
MD
LG