Accessibility links

ئیسڕائیل: ڕێکەوتنە ناوەکییەکە 100 ملیار دۆلار دەدات بە ئێران تاوەکو ناوچەکە ناجێگیر بکات


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل یایر لاپید
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل یایر لاپید

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل یایر لاپید دەڵێت ڕێکەوتنە ناوەکییە نوێیەکەی نێوان زلهێزەکانی جیهان و ئێران ڕێگە بە وڵاتانی دیکە دەدات خۆیان بەدووربگرن لە سزاکان و ساڵانە 100 ملیار دۆلار بدەن بە ئێران تاوەکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناجێگیر بکات.

ئەمەریکا بەنیازە بەمزووانە وەڵامی دەقەکەی یەکێتی ئەوروپا بداتەوە بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، کە تیایدا سزاکانی سەر ئێران لابران و لەبەرامبەریشدا تاران چالاکییەکانی بەرنامە ناوەکییەکەی سنووردار کرد.

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا. لەلای خۆشییەوە تاران بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا پشتگوێخست.

لاپید گوتی " ئەوەی ئێستا لەسەر مێزەکەیە ڕێکەوتنێکی خراپە. ساڵانە سەد ملیار دۆلار دەدات بە ئێران، ئەوەش بەکاردەهێندرێت بۆ تێکدانی سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بڵاوکردنەوەی تیرۆر بە سەرانسەری جیهاندا."

گوتیشی " لابردنی سەرتاسەری سزاکانی سەر کەرتەکانی وەکو بانک و دامەزراوە داراییەکان کە بەهۆی پشتیوانیکردنیان لە تیرۆرەوە سەپێندراون بەسەریاندا، مانای ئەوە دەگەیەنێت ئێرانییەکان هیچ کێشەیەکیان نابێت لە سپیکردنەوەی پارەدا، ئێران یارمەتی خۆدزینەوەی ئەو وڵاتانەی دیکەش دەدات کە سزایان بەسەردا سەپێندراوە."

لاپید وردەکاری نەدا سەبارەت بەوەی ئەو 100 ملیار دۆلارە لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە، یاخود ئاماژەی بەو وڵاتانە نەدا کە ئێران یارمەتییان دەدات لە خۆدزینەوە لە سزاکاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG