Accessibility links

ئێران: تەنیا ئەو پشکنینانە قبوڵ دەکەن کە لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 دا ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە


لە کاتێکدا ئەمەریکا خۆی ئامادە دەکات بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیارێک بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمی تاران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا، ئێران ڕێگە بەو پشکنینانە نادات کە بەدەر بن لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015.

محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند "ئێمە پابەندین بە پشکنینەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە پەیوەستن بە سنووردارکردنی ئەتۆمی کە لە ڕابردوودا قبوڵمان کردووە، نە یەک وشە زیاتر، نە یەک وشە کەمتر، ئەمەش بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە میدیای دەوڵەتی بڵاویکردووەتەوە.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە ئێران هەندێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی خۆی سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرنامەی ئەتۆمی تاران وەلا ناوە، لەوانە پێداگری لەسەر ئەوەی کە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان هەندێک لێکۆڵینەوە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دابخەن، کە ئەنجامدانی ئەمە ئەگەری زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە نزیکتر دەکاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی ئیرنا بڵاویکردەوە؛ بەڵام پێدەچوو ئیسلامی دژایەتی ئەوە بکات و دەڵێت پێویستە لێکۆڵینەوەکان "پێش ڕۆژی جێبەجێکردن" دابخرێن ئەگەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 زیندوو بکرێتەوە.

ئامانجی واشنتۆن بەمزووانە ئەوەیە وەڵامی ڕەشنووسی ڕێککەوتنێک بداتەوە کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە پێشنیار کراوە کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا زیندوودەکاتەوە کە داناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لەساڵی 2018 دا لێیکشایەوە و جۆو بایدن سەرۆکی ئێستاش هەوڵی زیندووکردنەوەی داوە.

ئێران پێداگری کردووە کە ڕێککەوتنامە ئەتۆمیەکە تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانرێت ڕزگار بکرێت کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەنگۆکانی سەبارەت بە کاری ئەتۆمی تاران هەڵبوەشێنێتەوە. واشنتۆن و زلهێزه كانی دیكەی ڕۆژئاوا داواكاری تاران لە دەرەوەی بازنەی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنەكه ناودێردەکەن.

لە مانگی 6 ی ئەمساڵدا دەستەی پارێزگارانی ڕێکخراوی چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە 35 وڵات پێکهاتوون، بە زۆرینەی دەنگ بڕیارنامەیەکیان پەسەند کرد، کە لەلایەن ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیاوە داڕێژرابوو، کە ڕەخنەی لە ئێران دەگرن بەهۆی ئەوەی ڕوونکردنەوەی نەداوە لەسەر ئەو شوێنەوارە یۆرانیۆمانەی لە سێ شوێنی ڕانەگەیەندراودا دۆزراونەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG