Accessibility links

کابینەی جەنگی ئیسڕائیل سێهەمین کۆبوونەوەی خۆی لەسەر وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران ئەنجام دەدات


بەرپرسێک دەڵێت بڕیارە ڕۆژی سێشەممە کابینەی جەنگی ئیسڕائیل بۆ سێیەمین جار لە ماوەی سێ ڕۆژدا کۆببێتەوە، ئەوەش بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر وەڵامێک بۆ هێرشە ڕاستەوخۆکەی ئێران بۆ سەر وڵاتەکە.

کۆبوونەوەکە لە نێوەندی فشارە نێودەوڵەتییەکاندایە بۆ خۆ بەدوورگرتن لە پەرەسەندنی زیاتری ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرۆک ئەرکانی گشتی سوپای ئیسڕائیل هەرزی هیلاڤی بەڵێنیداوە هێرشەکەی ڕۆژی شەممەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل " وەڵامێکی دەبێت." بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا.

لە کاتێکدا کە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە و زیانێکی کەمی هەبوو، ئەوەش بەهۆی بەرگرییە ئاسمانییەکان و ڕێوشوێنەکانی بەرگری ئیسڕائیل و هاوپەیمانەکانییەوە، بووە هۆی زیادبوونی ترس و نیگەرانییەکان لەسەر ئەوەی ئەو توندوتیژییانەی کە لە جەنگەکەی غەززەوە دروست بوون لە پەرەسەندندان، لە نێوەندی مەترسییەکاندا لەسەر جەنگێکی کراوە لە نێوان ئێران و ئیسڕائیلدا.

پێشتریش سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهوی وتووە کە ئەمەریکای پارێزەری سەرەکی ئیسڕائیل، بەشداری ناکات لە هێرشی پێچەوانەی ئیسڕائیلدا بۆ سەر ئێران.

لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا لە ئەوروپا، واشنتن ڕۆژی سێشەممە لە بری ئەوە سزا ئابووریی و سیاسییەکانی سەر ئێرانی توندتر کردەوە، لە هەوڵێکدا بۆ ڕازیکردنی ئیسڕائیل تاوەکو تۆڵەیەکی توند نەکاتەوە.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل ئیسڕائیل کاتز وتی " سەرکردایەتی هێرشێکی دیبلۆماتی " کردووە و نامەی بۆ 32 وڵات ناردووە و داوای لێکردوون سزا بسەپێنن بەسەر بەرنامە موشەکییەکەی ئێراندا و شوێن ئەمەریکا بکەون و سوپای پاسدارانی ئێران وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنن.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین وتی ئەمەریکا سزاکان بەکاردەهێنێت و لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا کار دەکات بۆ بەردەوامیدان بە تێکدانی " چالاکییە خراپ و ناسەقامگیرکارەکانی ئێران."

یەڵین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتن وتی سەرجەم بژاردەکان بۆ تێکدانی " پشتیوانی دارایی ئێران لە کاری تیرۆریستی " لەسەر مێزەکەیە، وتیشی پێشبینی دەکات لە ڕۆژانی دواتردا سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا ڕابگەیەندرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG