Accessibility links

پێناچێت ئەمەریکا جێبەجێکردنی سزاکانی سەر هەناردەی نەوتی ئێران پتەوتر بکات بەهۆی هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل


شیکەرەوە سیاسییەکان دەڵێن پێناچێت هێرشە بێپێشینە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل ببێتە هۆی ئەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا سزایەکی گەورە بسەپێنێت بەسەر هەناردەی نەوتی ئێراندا، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەکانەوە سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و توڕەکردنی چینی کڕیاری سەرەکی نەوتی ئێرانی.

ماوەیەکی کورت دوای هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل، ڕابەرانی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنییان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی شکستهێنان لە جێبەجێکردنی ئەو سزایانەدا کە پێشتر سەپێندراون بەسەر ئێراندا و وتییان لەم هەفتەیەدا کۆمەڵێک پڕۆژە یاسا پێشکەش دەکەن بۆ توندکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران.

ڕۆژی یەکشەممە ئەندامی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ستیڤ سکالیز بە کەناڵی فۆکس نیوزی وت بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا فرۆشتنی نەوتەکەی بۆ ئێران ئاسانتر کردووە، بەوەش تاران داهاتێکی دەستکەوتووە کە بۆ " پشتیوانیکردن لە چالاکییە تیرۆریستییەکان " بەکاریهێناوە.

فشارە سیاسییەکە بۆ سزادانی ئێران کێشەیەکی چقڵداری بۆ بەڕێوبەرایەتییەکە دروست کردووە: چۆن ڕێگری بکەیت لە هێرشی لەوجۆرە لە داهاتوودا بەبێ ئەوەی پەرە بە گرژییەکانی ناوچەکە بدەیت، بەبێ ئەوەی نرخی نەوت بەرز بکەیتەوە یاخود چین توڕە بکەیت، چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانییە.

واشنتن چەندین مانگە دەڵێت یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەوەیە کە جەنگەکەی ناو غەززە لە نێوان حەماس و ئیسڕائیلدا پەرە نەسەنێت بۆ جەنگێکی فراوانتر لە ناوچەکەدا، یەکێکی دیکەش لە ئامانجەکانی ئەوە بووە کە تاران لە پەراوێزدا بهێڵێتەوە.

کۆمەڵێک شیکەرەوەی سیاسیی لە ناوچەکەدا دەڵێن گومانییان هەیە لەوەی بایدن ڕێوشوێنێکی گەورە بگرێتەبەر بۆ توندکردنەوەی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران تاوەکو هەناردەی نەوتی ئێرانی بخنکێنێت، کە بە خوێنی ژیانی ئابووری ئێران دادەنرێت.

ئەفسەری پێشووی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا سکۆت مۆدێڵ کە ئێستا بەڕێوبەری گروپی وزەی ڕاپیدانە، وتی " تەنانەت ئەگەر ئەم پڕۆژە یاسایانە پەسەند بکرێن، قورسە ببینیت بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن سزاکانی ئەمەریکا یاخود سزا نوێیەکان توند بکاتەوە بۆ نەهێشتن یاخود سنووردارکردنی هەناردەی نەوتی ئێرانی."

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا کشایەوە و سزاکانی ئەمەریکای بۆ سەر کەرتی نەوتی ئێران زیندووکردەوە. بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن هەوڵی داوە پێشێلکردنی هەندێک لەو سزایانە سەرکوت بکات، ئەوەش لە ڕێی سزادانی کۆمپانیاکانی چین و ئیماڕات و وڵاتانی دیکەوە.

سەرەڕای ئەو هەوڵانەش، ڕاپیدان بە خەمڵاندنی خۆی دەڵێت ڕۆژانە هەناردەکردنی نەوتی ئێران گەیشتووەتە 1.6 ملیۆن بۆ 1.8 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. مۆدێڵ دەڵێت ئەوە نزیکە لەو 2 ملیۆن بەرمیلەوە کە ئێران پێش سزاکان هەناردەی دەرەوەی دەکردن.

کاریگەریی توندکردنەوەی سزاکانی سەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران یەکێکە لەو هۆکارانەی کە بایدنی دیموکرات ڕەنگە بە توندی نەجوڵێت بۆ سنووردارکردنی هەناردەی نەوتی ئێرانی.

شارەزایەکی سزاکان و دژ بە پارە سپیکردنەوە، کیمبەرلی دۆنۆڤان لە ئەنجومەنی ئەتڵانتیک وتی سزاکانی پەیوەست بە نەوتەوە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە توندی جێبەجێ نەکراون.

وتی " پێشبینی ناکەم بەڕێوبەرایەتییەکە جێبەجێکردنی سزاکان توند بکاتەوە وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئێران دژی ئیسڕائیل، هۆکاری سەرەکی ئەوەش ئەوەیە کە ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت."

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن هیچ سزایەکی لەسەر ئێران لانەبردووە و بەردەوامە لە زیادکردنی فشارەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی.

وتەبێژەکە وتی " سزا بەرفراوانەکانمان بۆ سەر ئێران لە شوێنی خۆیاندا ماونەتەوە، بەردەوامیش دەبین لە جێبەجێکردنییان."

توندکردنەوەی جێبەجێکردنی سزاکانی سەر هەناردەی نەوتی ئێران ڕەنگە گرژی بخاتە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چینەوە، پەیوەندییەک کە بەرپرسانی ئەمەریکا و چین دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا باڵۆنێکی سیخووڕی چینی بەسەر ئەمەریکاوە خستە خوارەوە، هەوڵییانداوە چاکی بکەنەوە.

زۆربەی ئەو نەوتە ئێرانییەی کە دەچێتە چینەوە لەسەرییان دەنوسرێت لە مالیزیا یاخود لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتووە و لەلایەن " کەشتیگەلی تاریکی " کەشتییە کۆنەکانەوە گواستراونەتەوە کە زۆرجار لە بەندەرەکانی ئێراندا کاتێک نەوتەکە بار دەکەن ترانسپۆندەرەکانییان دەکوژێننەوە بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن.

شارەزای چاودێریکردنی تانکەرەکان ڤۆرتێکسا ئەنالێتیکس وتی ساڵی ڕابردوو چین ڕۆژانە 55.6 ملیۆن تەن نەوت یاخود 1.11 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ئێرانەوە وەرگرتووە. کە ئەوەش ڕێژەیەکی پێوانەییە.

هەندێک لە شارەزایان دەڵێن واشنتن ڕەنگە کارێک بکات بۆ بڕینی هەناردەی نەوتی ئێرانی لە هەوڵێکیدا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر کاردانەوەیەکی ئیسڕائیلدا بۆ هێرشەکانی ئێران، کە ڕەنگە ببێتە هۆی زیادکردنی گرژییەکانی ململانێکە.

بەڵام وتییان واشنتن کارێکی گەورە ناکات وەکو سزادانی دامەزراوەی سەرەکی دارایی چین و لە بری ئەوە ڕەنگە سزای چینییەکان یاخود ئەو لایەنانەی دیکە بدات کە بەشدارن لەو بازرگانییەدا.

یەکێک لە سەرچاوەکان کە نزیکە لە بابەتەکەوە وتی " ئەگەر بتەوێت شوێن هەناردەی نەوتی ئێران بکەویت ئەوا دەبێت کارێکی مانادار دژی چین ئەنجام بدەیت."

جۆن ئالتەرمانی شیکەرەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندی توێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان وتی سنوورێک هەیە بۆ واشنتن لەسەر ئەوەی چۆن دەتوانێت سزا بسەپێنێت و ئەوەشی کە سزاکان پێشێل دەکەن کەلێنێک لەو سزایانەدا بدۆزنەوە.

وتی " پێشبینی دەکەم دەستپێشخەرییەک ببینم بە ئاڕاستەی سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئێراندا، بەڵام پێشبینی ناکەم کۆشکی سپی یاخود هەر کۆشکێکی سپی لە داهاتوودا بتوانێت بە تەواوەتی هەناردەی نەوتی ئێران ببڕێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG