Accessibility links

پەرلەمانی عێراق پلانی قەرەبووکردنەوە پەسەند دەکات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەسەر نەوتی کوردستان


پەرلەمانی عێراق ڕۆژی یەکشەممە هەموارکردنی بودجەیەکی پەسەند کرد بۆ یارمەتیدان لە تێچووی بەرهەمهێنان بۆ ئەو کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییانەی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ دووبارە کردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان.

هەموارکردنەوەکە نرخی بەرمیلێک بە 16 دۆلار دادەنێت کە پێشتر نرخی 7.9 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک پێشنیار کرابوو بۆ تێچووی گواستنەوە و بەرهەمهێنان، ئەو نرخەش وەکو نرخێکی کەم لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕەت کرایەوە.

ئەم پەسەندکردنە لەلایەن پەرلەمانەوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە دوو ساڵەییەکە لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر.

پەرلەمانتاری کورد ڕێبوار ئۆرهامان وتی " پەسەندکردنی پەرلەمان زۆر گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوتی نێوان بەغداد و هەولێر و یارمەتیدەر دەبێت بۆ خێراکردنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ زیادکردنی داهاتی وڵات."

پەرلەمانتاران و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت وتییان وەزارەتی نەوتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لیژنەیەکی نێودەوڵەتی لە ماوەی 60 ڕۆژدا پێکدەهێنن بۆ هەڵسەنگاندنی نرخێکی گونجاوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە.

ئەگەر ڕێکنەکەون لەسەر ئەوە، ئەوا حکومەتی عێراقی لیژنەیەک دیاری دەکات بەبێ بوونی بەرپرسانی کوردی تێیدا.

هەموارکردنەوەی بودجە لە مانگی یانزەی ساڵی 2024 دا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە پێشکەش کرا. هەروەها داوای کردووە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمی نەوتی خۆی بگوازێتەوە بۆ ڕێکخراوی سۆمۆی بە بازاڕیکردنی نەوت کە سەر بە دەوڵەتە.

هەناردەکردنی نەوت لە ڕێی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە لە مانگی سێی ساڵی 2023 دا لەلایەن تورکیاوە ڕاگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی ژووری بازرگانی ئابووری نێودەوڵەتی فەرمانی بە تورکیا کرد بڕی 1.5 ملیار دۆلار قەرەبوو بدات بە بەغداد لەسەر هەناردەکردنی نەوت بەبێ مۆڵەت لە ساڵانی 2014-2018 لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG