Accessibility links

سروە محەمەد: هەمواری بودجە زۆرینەی کێشەکانی نێوان هەرێم و عێراق چارەسەر دەکات


ڕۆژی یەکشەممە 2ی مانگی دووی 2025، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی بەهەموارکردنەوەی مادەی 12بڕگەی( ج) دا بەوەش ڕێگا دەدات نەوتی هەرێمی کوردستان بە تێچووی بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت دەربهێنرێت و لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بکرێت، ئەندامێکی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، دەڵێت،" جیاوازی هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق لە دەرهێنانی نەوتدا، هەرێم ناوچەیەکی شاخاوییە و پێویستی بە تێچووی زیاترە."

سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەموارکردنەوەی بودجەی عێراق بۆ ماوەی سی ساڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی پێدرا، پێکهاتووە لە هەمواری یەک مادە، ئەویش مادەی 12 بڕگەی (ج) کە تایبەتە بە ڕێککەوتن و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بێ گومان کۆمەڵێک کێشە هەبوون لە نێوان حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێم سەبارەت بە ئەو لایەنەی کەوا پێی دەفرۆشیت یاخود بودجە بچێتە میزانەی عێراقەوە یاخود هەرێمی کوردستان، خۆشبەختانە دوای کۆبوونەوەیەکی زۆر لەنێوان هەردوو حکومەتدا کۆمەڵێک ڕێکەوتن کرا ئەو ڕێکەوتنانە ئەمڕۆ دەنگی لەسەر درا."

وتیشی،" ئەو ڕێکەوتنانە پێکهاتووە لەوەی نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک لە شەش دۆلارەوە کراوەتە 16 دۆلار، لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ عێراقیەوە ئەو نەوتە هەناردە دەکرێت، جگە لەوەش پارەکەی دەڕواتە میزانیەی عێراقەوە پاشان عێراق دێت لە ڕێگای میزانیەی سیادیەوە پشکی هەرێم دەنێرێت."

ڕۆژی 5 ی مانگی یانزەی 2024 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیارێکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق پەسەند کرد و ڕۆژی 26 مانگی یانزەی 2024 خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی کێشەوە نەتوانرا خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە ئەنجام بدرێت، دواتر لە 13ی مانگی یەکی 2025 خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە کرا و وا بڕیار بوو 19ی مانگی یەک دەنگی پێبدرێت، بەڵام جارێکی تر کێشە لەبەردەم تێپەڕاندنی یاساکە دروستکرا و تا ئەمڕۆ دەنگی لەسەر درا.

هەموارکردنی یاسای بودجە تەنها بۆ ماددەى 12 بڕگەى (ج) ە کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێم، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە حکومەتى فیدڕاڵ ڕەزامەندی نیشاندا بۆ دیاریکردنی خەرجیى دەرهێنانى نەوتى هەرێمی کوردستان بە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،" دەتوانم بڵێم هیچ کێشەیەک نامێنێت لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، بەدڵنیایەوە ئەم داهاتە جگە لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لێی سود مەندە حکومەتی عێراقیش داهاتی بۆ دەگەڕێتەوە."

رۆژی 25ی سێی 2023 دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس کەیسێکی لە دژی تورکیا و بەرژەوەندی حکومەتی عێراق یەکلاکردەوە، کە بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای تورکیاوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوکاتەوە تائێستا کەوتووەتە قەیرانێکی قوڵی داراییەوە و دەیان جار شاندی هەرێم و بەغدا کۆبوونەتەوە، تا دەرئەنجام هەمواری یاسای بودجەی لێکەوتەوە.

سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاشیگەیاند،"هەمواری یاساکە ڕێکەوتنێکی ستراتیژی گرنگی نێوان هەردوو حکومەتە و ڕێکەوتنە دەبێتە هۆکاری چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشە دارایەکانی نێوان هەردوولایان، چونکە هەموومان دەزانین نزیکەی 10 ساڵە نەوتی کوردستان ڕەوانەی دەرەوە ناکرێت و ڕاوەستاوە، ئەو ڕاوەستانە تەنها زیانی بە کوردستان نەگەیاندووە بە ڵکو زیانی بە عێراقیش گەیاندووە."

وتیشی،" بە پێی یاسای فیدراڵی کە ئێمە لە دەستوری عێراق دەنگمان پێداوە، پێویستە نەوت بە شێوەیەکی هاوبەش لە نێوان

هەردوولا ببڕیتە ڕێوە، ئێمە دەزانین کۆمەڵێک کێڵگە هەیە لە عێراق نرخی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت دەگاتە 26 دۆلار، بۆیە جیاوازی هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و هەرێم ناوچەیەکی شاخاویە و دەرهێنانی نەوت پێویستی بە تێچووی زیاترە بۆیە دەنگ لەسەر بڕی 16 دۆلار درا بۆ هەر بەرمیلێک."

بە گوێرەی یاسای هەموارکراوی بودجەی عێراق بێت، لیژنەیەکی شارەزایی نێودەوڵەتی لەماوەی شەست ڕۆژدا سەردانی تەواوی کێڵگە نەوتیەکانی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی خەمڵاندن بۆ نرخی دەرهێنانی نەوت بکات، ئەگەر لە حاڵەتێکدا خەمڵاندنەکە ڕێکنەکەوت لەگەڵ ئەو نرخەی کە ئێستا دیاریکراوە ئەو کات دەبێت عێراق بەهەمان شێوە لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی عێراقەوە لیژنەیەکی تر بنێرێتە هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو کیشەیە، بەڵام بەخوێندنەوەی ئەندامانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێناچێت گۆڕانکاری لە تێچووی دەرهێنانی نەوت ڕووبدات.

XS
SM
MD
LG