Accessibility links

ئێران دەڵێت ئەمەریکا هەوڵ دەدات " پشێوییەکان " بۆ لاوازکردنی وڵاتەکە بەکاربهێنێت


بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینییەوە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئێراندا، ئێران ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆری نێودەوڵەتی بۆتەوە و خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە ئێراندا بەڕێوەدەچێت، تارانیش ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵ دەدات پشێوییەکان بۆ ناسەقامگیرکردنی وڵاتەکە بەکاربهێنێت.

خۆپیشاندانەکانی ئەم جارەی ئێران دژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گەورەترین خۆپیشاندانن لە دوای ساڵی 2019 ەوە، تارانیش دەیەوێت خۆپیشاندانەکان کپ بکاتەوە. لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕەخنەی توند لە ئێران گیراوە.

بەڵام ڕێوشوێنەکانی ئێران بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان خۆپیشاندەرانی نەوەستاندووە لە داواکانیان بۆ ڕووخانی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی و سەرجەم دامەزراوە ڕۆحانییەکانی لە وڵاتەکەدا.

ئێران دەڵێت ئەمەریکا پشتیوانی لە تێکدەران دەکات و هەوڵ دەدات کۆماری ئیسلامی ناسەقامگیر بکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسر کەنعانی گوتی " واشتن هەمیشە هەوڵ دەدات جێگیریی و ئاسایشی ئێران لاواز بکات، سەرەڕای ئەوەشی کە سەرکەوتوو نەبووە."

کەنعانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستگرام ڕابەرانی ئەمەریکا و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە مەرگێکی تراجیدی لەڕێی پشتیوانیکردن لە " تێکدەران " و پشتگوێ خستنی " بوونی ملیۆنان کەس لەسەر شەقامەکان و گۆڕەپانەکانی وڵاتەکەدا کە پشتیوانی لە سیستمەکە دەکەن."

ڕۆژی دووشەممە ئەڵمانیا بانگی باڵیۆزی ئێرانی کرد لە بەرلین و داوای کرد تاران سەرکوتکارییەکەی کۆتایی پێبهێنێت و ڕێگە بە خۆپیشاندانی ئاشتییانە بدات. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەڵمانیا سزای زیاتر بەسەر تاراندا دەسەپێنێت، گوتی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا " تاوتوێی سەرجەم بژاردەکان " دەکەین.

هەفتەی ڕابردوو ئەمەریکا سزای بەسەر پۆلیسی ئاکاری ئێراندا سەپاند، ئەوەش بەهۆی تۆمەتەکانی سوکایەتیکردن بە ئافرەتانی ئێرانەوە و وتی پۆلیسی ئاکار بەرپرسە لە مەرگی ئەمینیدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG