کۆمیتەی داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان CPJ داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات کۆتایی بە سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان بهێنن و هەموو ئەو دەستگیرکراوانە ئازاد بکەن کە لە دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی دژە حکومەت لە هەفتەی ڕابردووەوە دەستگیرکراون.
شەریف مەنسور ڕێکخەری بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکای کۆمیتەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنوسان CPJ ڕۆژی دووشەممە گوتی "دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێران شەرم لە خۆیان بکەن بۆ ڕێکخستنی ئەم سەرکوتکردنە دڕندانەیە" ئەوان تەنیا شکستی خۆیان دەسەلمێنن لەوەی هەوڵی سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان تەنیا ناکۆکییەکە ئاڵۆزتر دەکات.”
گوتیشی دەبێت دەسەڵاتداران دەست لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە هەڵگرن کە ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان دەکەن و دەستبەجێ ئەو دەستگیرکراوانە ئازاد بکەن."
ڕێکخراوی سی پی جەی بەڵگەنامەی دەستگیرکردنی بەلایەنی کەم 20 ڕۆژنامەنووسی تۆمارکردووە، لە کاتێکدا بەهۆی پێکدادانی نێوان هێزە ئاسایشییەکان و خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەریدا کە بەهۆی مردنی ژینا ئەمینی بەرپا بوون دەیان کەس کوژراون. ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئێران ڕۆژی شەممە هۆشداریدا لەوەی کە حکومەت "مامەڵەیەکی یەکلاکەرەوە" لەگەڵ خۆپیشاندەراندا دەکات.
سی پی جەی لە ڕێگەی ئیمەیڵ داوای لێدوانی لە نوێنەرایەتییەکانی ئێران کرد کە بنکەکانیان لە جنێڤی سویسرا و لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکن سەبارەت بە دەستگیرکردنەکان، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.