Accessibility links

خامنەئی دەڵێت ئێران هێزی خۆی دژی ئیسڕائیل پیشاندا


ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی
ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی

دەزگای هەواڵی فەڕمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی سوپاسی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کردووە لەسەر هێرشەکەی ئەم مانگەیان بۆ سەر ئیسڕائیل، وتی گرنگ نیە هێرشەکان چەند ئامانجییان پێکاوە، گرنگ ئەوەیە وڵاتەکە هێزی خۆی پیشاندا.

لە یەکەمین هێرشی ڕاستەوخۆیدا بۆ سەر ئیسڕائیل، ئێران لە 13 ی مانگی چواردا زیاتر لە 300 موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەرەو ئیسڕائیل هەڵدا و وتی وەکو تۆڵەیەک بووە بۆ هێرشە ئاسمانییە گومانلێکراوەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق.

زۆربەی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران لەلایەن ئیسڕائیل و هاوپەیمانەکانییەوە خرانە خوارەوە و هێرشەکە زیانێکی کەمی هەبووە.

خامنەئی وتی " چەند موشەک هەڵدراوە و چەندێکییان لە ئامانجەکانییان داوە گرنگ نیە، ئەوەی کە بە ڕاستی گرنگە ئەوەیە کە ئێران لە ماوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا هێزی خۆی پیشاندا."

بەیانی زووی ڕۆژی هەینی دەنگی تەقینەوە لە شاری ئەسفەهانی ئێران بیسترا و سەرچاوەکانیش دەڵێن تەقینەوەکان بەهۆی هێرشی ئیسڕائیلەوە بوون. تاران ڕووداوەکەی بە کەم زانی و وتی هیچ پلانێکی نیە بۆ تۆڵەکردنەوە.

خامنەئی وتی " لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمدواییەدا، هێزە چەکدارەکان توانییان تێچووەکان کەم بکەنەوە و دەستکەوتەکان زیاد بکەن." هەروەها داوای لە بەرپرسانی سەربازیی وڵاتەکە کرد " ماندوونەناسانە لە ڕووی سەربازییەوە بوژاندنەوە بکەن و تاکتیکی دوژمن فێر ببن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG