Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا باس لە توندکردنی سزاکانی سەر تاران دەکات


سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لە دوای هێرشی موشەکیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تاران بۆ سەر ئیسرائیل، کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی توندکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران.

27 سەرکردەی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل کۆدەبنەوە لەکاتێکدا زلهێزەکانی جیهان هەوڵ دەدەن ڕێگەبگرن لە ململانێیەکی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر شەڕی نێوان ئیسرائیل و ڕێکخراوە چەکدارەکەی حەماس کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت.

ئیسرائیل باسی لەوە نەکردووە بە چ شێوەیەک وەڵامی هێرشەکەی ڕۆژی شەممەی ئێران بۆ سەر وڵاتەکە دەداتەوە، بەڵام سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا داوایان لێکردووە دانبەخۆیدا بگرێت و لە هەمان کاتدا ئامادەیی خۆیان بۆ توندکردنەوەی سزاکانی سەر تاران دەربڕیوە.

لە ڕەشنووسی بەیاننامەیەکدا پێش کۆبوونەوەی لوتکەیی یەکێتی ئەوروپا کە بڕیارە هەرڕۆژی چوارشەممە دەستپێبکات، ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێتی ئەوروپا ئامادەیە ڕێوشوێنی سنوردارکردنی زیاتر لە دژی ئێران بگرێتەبەر، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و موشەکەکانیشەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، سەرکردەکان "بە توندی و بێ دوو دڵی" هێرشەکەی ئێران شەرمەزار دەکەن و پابەندبوونی خۆیان بە ئاسایشی ئیسرائیل دووپات دەکەنەوە و داوا لە هەموو لایەک دەکەن کە خۆیان لە پەرەسەندنی زیاتری ململانێکان بە دور بگرن.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG