Accessibility links

ئەمەریکا سێ کەس بە تۆمەتی پیلاندانان بۆ تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمەریکی- ئێرانی دەستگیر دەکات


ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی- ئێرانی مەسیح عەلی نەژاد
ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی- ئێرانی مەسیح عەلی نەژاد

وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕۆژی هەینی تۆمەتبارکردنی سێ ئەندامی باندێکی تاوانکاری ئەوروپی ڕاگەیاند کە گوایە پیلانێکیان بە پاڵپشتی تاران بۆ تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی- ئێرانی مەسیح عەلی نەژاد داڕشتبوو.

وەزارەتی داد ڕایگەیاند، یەکێک لەو سێ کەسە بە ناوی ڕەفعەت ئەمیرۆڤ، سەرکردەی ئەو باندە کە ناوی نەهێنراوە و لە ئێران دەژی، ساڵی ڕابردوو پیلانی کوشتنی عەلی نەژادی لە ماڵەکەی خۆی لە نیویۆرک دانابوو.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بە کارکردن لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی باڵای باندەکە بە ناوی پۆڵاد ئۆمارۆڤ، کە بنکەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپایە، خالید مێهدیێڤ، هاووڵاتییەکی ئەمریکی و دانیشتووی شاری یۆنکەرز لە ویلایەتی نیویۆرکیان ڕاسپاردبوو بۆ ئەنجامدانی کوشتنەکە و بڕی ٣٠ هەزار دۆلاریان بۆ ناردووە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات.

مێهدیێڤ لە کۆتایی مانگی حەوتدا لە نزیک ماڵی عەلی نەژاد لە نیویۆرک بە تفەنگێکی هێرشبەری ئەی کەی ٤٧ی بارگاویەوە دەستگیرکرا.

لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانتر کرایەوە، کە بووە هۆی دەستگیرکردنی ئەمیرۆڤ کە ڕۆژی پێنجشەممە لە ئەمەریکا دەستبەسەر کرا و ئۆمارۆڤ کە سەرەتای ئەم مانگە لە کۆماری چیک دەستبەسەر کرابوو.

ئەو سێ کەسە تۆمەتبارکراون بە بە کرێگرتنی بکۆژ، پیلانگێڕی و سپیکردنەوەی پارە، کە تۆمەتەکان بە کۆی گشتی دەگاتە ٤٠ ساڵ زیندانیکردن.

جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی: ئەو هەنگاوەی ئەمڕۆی جێبەجێکردنی یاسا، دوایین پەکخستنی چالاکییە پیلانگێڕییەکانی ئەمەریکایە لە دژی ئەم قوربانییە و ئەمریکییەکانی دیکە.

"ئەمە پەیڕەوی لە شێوازێکی نائارامکەری هەوڵەکانی حکومەتی ئێران دەکات بۆ کوشتن، ئەشکەنجەدان و ترساندن بۆ بێدەنگکردنی چالاکوانان بەهۆی قسەکردنیان بۆ ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی ئێرانییەکان لە سەرانسەری جیهاندا".

عەلی نەژاد لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە، سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی لە پیلان و دەستگیرکردنەکان لەلایەن دیوانی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیەوە ئاگادارکراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "سوپای پاسدارانی ئیسلامی چوار دەیە ئەم ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییانە بەڕێوەدەبەن".

وتیشی "با بە ڕوونی بڵێم: من لەسەر ژیانم ناترسم،"بەردەوام دەبم لە پێدانی دەنگ بە سەرکردە ئازاکانی ئێران، ژن، پیاو، لە ناوخۆی ئێراندا".

عەلی نەژاد خانمێکی چالاکوانێکی تەمەن ٤٥ ساڵە و دوو ڕەگەزنامەی ئەمەریکی-ئێرانی هەیە، پێشتریش بووەتە ئامانجی پیلانەکانی تاران.

لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢١ دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا چوار کارمەندی هەواڵگری ئێران و دانیشتوویەکی ئەمریکییان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ ڕفاندنی و بردنی بۆ ئێران.

لەو دۆسیەیەدا کە ڕۆژی هەینی ئاشکرا بوو، بەرپرسان هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە حکومەتی ئێرانەوە نەکردووە و دەڵێن دۆسیەکە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG