Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکا: وادەردەکەوێت ئیسڕائیل لە پشت هێرشەکەی سەر کارگە ئێرانییەکەوە بووبێت


بەرپرسێکی ئەمەریکا دەڵێت وادەردەکەوێت ئیسڕائیل لە پشت هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی سەر کارگە سەربازییەکەی ئێرانەوە بووبێت.

ئێران وتی بەرپەرچی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی داوەتەوە کە ئامانجێکی پیشەسازی سەربازیی لە ناوەڕاستی شاری ئەسفەهان کردۆتە ئامانج، وتیشی هیچ زیانێکی گیانی و زیانێکی بەرچاوی ماددی لێنەکەوتۆتەوە.

وتەبێژێکی سوپای ئیسڕائیل ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ئەو بابەتە بدات. ئیسڕائیل ماوەیەکی زۆرە ئاماژە بەوە دەدات دەیەوێت ئامانجە ئێرانییەکان بپێکێت ئەگەر هاتوو دیبلۆماسی شکست بهێنێت لە سنووردارکردنی بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکەی تاراندا. بەڵام پەیڕەوی سیاسەتێک دەکات کە تیایدا لێدوان لەسەر ئەو جۆرە ڕووداوانە نادات.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جەنەڕاڵ پاتریک ڕایدەر وتی هیچ هێزێکی سەربازیی ئەمەریکا بەشدار نەبووە لە هێرشەکەی ناو ئێراندا. بەڵام ڕەتی کردەوە لێدوانی زیاتر بدات.

سەرەتا ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرناڵ ئاماژەی بەوەدا بەرپرسانی ئەمەریکا باس لە ڕۆڵی ئێران دەکەن لە هێرشەکەدا، هەواڵەکەشیان لە زاری چەندین سەرچاوەی نەناسراوەوە بڵاوکردۆتەوە . بەرپرسێکی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە ڕۆیتەرزی وت وادەردەکەوێت ئیسڕائیل دەستی هەبووبێت تیایدا. چەندین بەرپرسی دیکەی ئەمەریکا ڕەتیان کردەوە لێدوان بدەن، تەنها ئاماژەیان بەوەدا واشنتن بەشدار نەبووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان هێرشەکەی بە " ترسنۆکانە " ناوبرد و وتی ئامانج لێی دروستکردنی " ناسەقامگیری " بووە لە ئێراندا، بەڵام پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستەی هیچ لایەنێک نەکرد. بەڵام کەناڵی فەڕمی ئێران لێدوانەکانی یاسادانەری ئێرانی حوسەین میرزایی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەڵێت " گومانێکی بەهێز " هەیە لەسەر ئەوەی ئیسڕائیل لە پشت ئەو هێرشەوە بووبێت.

هێرشەکە لە نێوەندی گرژییەکانی نێوان تاران و ڕۆژئاوادا دێت سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و پێدانی چەکی مەودا درێژ و " فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ " بە ڕووسیا. هەروەها لەسەر خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتیش لەو وڵاتەدا.

نەتوانراوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ فراوانی زیانەکە پشتڕاست بکرێتەوە. وەزارەتی بەرگری ئێران وتی تەقینەوەکە تەنها زیانێکی کەمی لێکەوتۆتەوە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

ئەمیرعەبدوڵاهیان بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەو جۆرە کارانە کارناکەنە سەر سووربوونی شارەزایانمان لەسەر بەرەوپێشچوون لە کارە ئەتۆمییە ئاشتییانەکەماندا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG