Accessibility links

منداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵی کورد لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە دەستبەسەر دەکرێت


هێزە ئەمنییەکانی شاری شنۆ ٢٦ی مانگی یەک مێردمنداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ بە ناوی کۆمار شابۆیی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر دەکەن.

ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵێکدا نووسیوێتی "منداڵەکە بەبێ فەرمانی دادگا دەستگیرکراوە و هەروەها کارمەندانی ئاسایش کەلوپەلی تایبەت و مۆبایلی کۆمار و خێزانەکەیان لەگەڵ خۆیان بردوە.

هەروەها ڕێکخراوی هەنگاو سەبارەت بەم هەواڵە ڕایگەیاندوە کە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی هۆکاری دەستبەسەربوونی منداڵەکە و هەروەها شوێن و بارودۆخی دەستبەسەرکردنی نەخراوەتە ڕوو.

شایانی باسە کە یونیسێف، سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان، ماوەیەک دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان و کۆژرانی ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا خوازیاری کۆتایی هێنان بە هەرچەشنە توندوتیژی و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان لە ئێران بوو.

لەم بەیاننامەکەدا یونیسێف داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردبوو کە ڕێز لە مافی بنەڕەتی منداڵان بگرێت، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە کێن و لە کوێ دەبن و هەروەها ڕایگەیاندبوو کە "پێویستە منداڵان لە نا خێزان و کۆمەڵگە و قوتابخانەکانیاندا بن، نەک لەو شوێنانەدا بن کە ئازادییان دەستی بەسەردا گیراوە."

ئەو ڕێکخراوە هەروەها باسی لەوە کردبوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەندامی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵانە و هەر بۆیەش ئەرکی یاسایی پاراستن و ڕێزگرتن لە مافی منداڵانی لەسەرە.

XS
SM
MD
LG