Accessibility links

ئیسنا: ئێران لۆمەی ئیسڕائیل دەکات لەسەر هێرشەکەی سەر کارگە سەربازییەکەی ئەسفەهان و بەڵێنی تۆڵەکردنەوە دەدات


دەزگای هەواڵی ئیسنای ئێران بڵاویکردەوە ئێران لۆمەی ئیسڕائیل دەکات لەسەر ئەو هێرشەی کە کرایە سەر کارگەیەکی سەربازی لە نزیک ناوەڕاستی شاری ئەسفەهان، بەڵێنیشیداوە تۆڵەی هێرشەکە بکاتەوە.

هێرشەکە لە نێوەندی گرژییەکانی نێوان تاران و ڕۆژئاوادا بوو لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی بە ڕووسیا، هەروەها سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانیش لەو وڵاتەدا.

لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمیر سەعید ئیراڤانی وتی " لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن ئیسڕائیل بەرپرس بووە لە هێرشەکەی شەوی شەممە، " کە ئێران دەڵێت هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

ئیراڤانی وتی " ئێران مافی ڕەوای خۆیەتی بەرگری لە ئاسایشی نیشتیمانی خۆی بکات و بە توندی وەڵامی هەر هەڕەشەیەک یاخود کارێکی هەڵەی ڕژێمی زایۆنی ' ئیسڕائیل ' لە هەر کوێ و لە هەر کاتێکدا بداتەوە."

وتی " ئەم کارە کە لەلایەن ڕژێمی زایۆنی ' ئیسڕائیلەوە ' ئەنجام دراوە دژی یاسای نێودەوڵەتییە."

ئیسڕائیل ماوەیەکی زۆرە ئاماژە بەوە دەدات ئامادەیە ئامانجە ئێرانییەکان بکاتە ئامانج ئەگەر هاتوو دیبلۆماسی شکست بهێنێت لە سنووردارکردنی بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکەی ئێراندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG