Accessibility links

ئێران دەڵێت هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆسەر بنکەیەکی سەربازی پوچەڵ کردووەتەوە


میدیای دەوڵەتی ئێران لە زاری وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەوە ڕادەگەیەنێت، تەقینەوەیەکی بەهێز لەبنکەیەکی سەربازی شاری ئەسفەهانی ناوەڕاستی ئێران بەهۆی هێرشێکی "سەرنەکەوتووی" فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ڕوویداوە.

ئاژانسی دەنگوباسی IRNA دەڵێت وەزارەتەکە گوتویەتی " سیستمی بەرگری ئاسمانی لەیەکێک فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی داوە و دوانی تریش لە تەڵەی بەرگرییان داوە و تەقیونەتەوە. خۆشبەختانە ئەم هێرشە سەرنەکەوتووە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و زیانێکی کەمی بە سەقفی وەرشەکە گەیاندووە."

ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران پێشتریش دەنگی تەقینەوەی بەرزیان ڕاگەیاندبوو و گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە کە تیایدا تیشکێکیان لەشوێنێکی کە دەوترێت کارگەی چەک و تەقەمەنییە، نیشان داوەو وێنەی ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەرەوەش لە درەوەی کارگەکە نیشان درابوو.

لە مانگی حەوتی ڕابردوودا ئێران ڕایگەیاند، تیمێکی "تێکدەریان" دەستگیرکردووە کە پێکهاتبوون لە چەکدارانی کورد کە بۆ ئیسرائیل کاردەکەن و پلانیان هەیە ناوەندێکی پیشەسازی بەرگری "هەستیار" لە ئەسفەهان بتەقێننەوە.

ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە کە ئاستی گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیلی دوژمنی سەرسەختی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بەرزبووەتەوە. ئیسرائیل دەڵێت ئێران هەوڵی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دەدات. تاران ئەمە ڕەتدەکاتەوە.

وەزارەتی بەرگری ئێران لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت " هێرشەکە کاریگەری لەسەر دامەزراوەکان و ئەرکەکەمان نەبووە...و ئەو جۆرە ڕێوشوێنە کوێرانە کاریگەرییان لەسەر بەردەوامی پێشکەوتنی وڵات نابێت."

لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە دەوروبەری دامەزراوە سەربازی، ئەتۆمی و پیشەسازییەکانی ئێران ڕوویانداوە.

تەقینەوەکان لە هەندێک کاتدا نیگەرانییان لێکەوتووەتەوە هاوکاتی گرژییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکادا .

ئیسرائیل لە مێژە هەڕەشەی هەنگاوی سەربازی لە دژی ئێران دەکات ئەگەر دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران شکستبهێنن لە زیندووکردنەوەی پەیمانی ئەتۆمی ساڵی 2015.

XS
SM
MD
LG