دوو سەرچاوە بە ڕۆیتەرزییان وت وڵاتانی کەنداو هەوڵییانداوە لە کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیەدا لە دەوحە دڵنیایی بدەنە ئێران لەسەر بێلایەنییان لە ململانێکەی نێوان تاران و ئیسڕائیلدا، ئەمەش لە نێوەندی نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە کەوتنەوەی ململانێیەکی فراوانتر کە ڕەنگە مەترسی لەسەر دامەزراوە نەوتییەکان دروست بکات.
سەرچاوەکان وتییان وەزیرانی وڵاتانی کەنداو و ئێران لە کۆبوونەوەکەی وڵاتانی ئاسیادا کە قەتەڕ میوانداری کردووە، سەنگی گفتوگۆکانییان کەمکردنەوەی گرژییەکان بووە.
ڕۆژی سێشەممە کۆماری ئیسلامی ئێران گەورەترین هێرشی خۆی کردە سەر ئیسڕائیل و وتی هێرشەکەی تۆڵەکردنەوە بووە لە کوژرانی سەرکردەکانی حەماس و حزبوڵا و ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسڕائیل لە غەززە و لوبنان.
تاران وتی هێرشەکەی کۆتایی هاتووە، بەڵام ئیسڕائیل بەڵێنیداوە وەڵام بداتەوە.
ماڵپەڕی هەواڵی ئاکسیۆسی ئەمەریکایی ڕۆژی چوارشەممە لە زاری بەرپرسانی ئیسڕائیلەوە بڵاویکردەوە کە ئیسڕائیل دەتوانێت ناوەندەکانی بەرههێنانی نەوت لە ناو ئێراندا بکاتە ئامانج وەکو تۆڵەکردنەوەیەک.
یەکێک لە سەرچاوەکان وتی کەمکردنەوەی گرژییەکان بەپەلە یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی ئێستا.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ و وەزارەتی دەرەوەی ئێران و وەزارەتی دەرەوەی ئیماڕات و وەزارەتی دەرەوەی کوەیت و ئۆفیسی ڕاگەیاندنی حکومەتی سعودیە لێدوانییان لەو بارەیەوە نەداوە.
ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ناوەندە نەوتییەکانی کەنداوی نەکردووە بەڵام هۆشداریداوە لەوەی ئەگەر " پشتیوانیکاران لە ئیسڕائیل " دەستوەربدەن ئەوا ڕاستەوخۆ بەرژەوەندییەکانییان لە ناوچەکەدا دەکرێنە ئامانج.
عەلی شیهابی شرۆڤەکاری سعودی نزیک لە کۆشکی شاهانەوە وتی " وڵاتانی کەنداو پێیان وایە کە پێناچێت ئێران هێرش بکاتە سەر ناوەندەکانی نەوتییان، بەڵام ئێرانییەکان لە سەرچاوەی نافەڕمییەوە ئاماژە دەدەن کە ڕەنگە ئەوە بکەن. ئەوە ئامڕازێکە کە ئێران لەبەردەستیدایە دژی ئەمەریکا و ئابووری جیهان."
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا سعودیەی گەورەترین هەناردەکاری نەوت لە ڕووی سیاسییەوە لە تاران نزیک بووەتەوە، ئەوە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی گرژییەکان، بەڵام پەیوەندییەکانی نێوانییان هێشتا سەختن.
لە هێرشەکەی ساڵی 2019 ەوە بۆ سەر یەکێک لە پاڵاوگە سەرەکییەکانی لە ئەبقایق کە بووە هۆی ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت لە سەدا 5 ی ئەو نەوتەی هەناردەی جیهانی دەکات بوەستێت، سعودیە بە وریاییەوە ماوەتەوە دژی هێرشی ئاسمانی ئێرانی. تاران ڕەتی کردەوە دەستی هەبووبێت لەو هێرشەدا.
شیهابی وتی " پەیامی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو بۆ ئێرانییەکان ئەوەیە ' تکایە گرژییەکان کەم بکەنەوە ' ". ئەنجومەنەکە پێکهاتووە لە ئیماڕات و بەحرەین و سعودیە و عومان و قەتەڕ و کوەیت.
سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ وتی ئێران ئامادە دەبێت بۆ وەڵامدانەوە و هۆشداریدا دژی " بێدەنگی " لە بەرامبەر کارەکانی ئیسڕائیلدا.
وتی " هەر جۆرە هێرشێکی سەربازیی یان کردەوەی تیرۆریستی یان بەزاندنی هێڵە سوورەکانمان ڕووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی هێزە چەکدارەکانمان دەبێتەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
سەرچاوەکان: وڵاتانی کەنداو هەوڵیانداوە دڵنیایی بدەنە ئێران لەسەر بێلایەنییان لە ململانێکەی نێوان ئێران و ئیسڕائیلدا
