میدیای سەر بە دەوڵەتی لوبنان بڵاویکردەوە ڕۆژی پێنجشەممە ئیسڕائیل سێ هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر باشووری بەیروتی پایتەختی لوبنان کە موڵگەی سەرەکی حزبوڵایە.
دەزگای هەواڵی نیشتیمانی لوبنان وتی " فڕۆکەی دوژمن سێ هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر باشووری بەیروت."
سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبوڵاوە بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت هێرشەکان " بینایەکییان کردووەتە ئامانج کە ئۆفیسی پەیوەندییەکانی میدیای حزبوڵای تێدا بووە. بیناکە پێشتر چۆڵ کرابوو."
لەم هەفتەیەدا ئیسڕائیل ڕایگەیاند کە هێزەکانی دەستییان کردووە بە هێرشێکی زەمینی بۆ سەر چەند بەشێکی باشووری لوبنان، کە شوێنی سەرەکی حزبوڵایە، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای بۆردومانە چڕەکانی بۆ سەر سەرانسەری ئەو ناوچانەی وڵاتەکەدا کە حزبوڵا باڵا دەستە تێیاندا.
دوای نزیکەی ساڵێک لە تەقەکردن لە یەکتر لەسەر سنوورەکەی نێوانییان، ئیسڕائیل سەنگی هێرشەکانی لە غەززەوە گۆڕی بۆ لوبنان، بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر لوبنان زیاتر لە 1000 کەس کوژراون و سەدان هەزاران کەسیش ناچار بوون لە ماڵەکانییان هەڵبێن.
جێی ئاماژەیە هەفتەی ڕابردوو ئیسڕائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر باشووری بەیروت سەرکردەی حزبوڵا حەسەن نەسڕوڵای کوشت.
سەرچاوە/ فرانس پرێس
میدیای دەوڵەتی لوبنان دەڵێت هێرشێکی نوێی ئیسڕائیل باشووری بەیروتی کردووەتە ئامانج
