میدیای حەماس و کارمەندانی تەندروستی دەڵێن ئیسڕائیل عەبدلعەزیز ساڵحەی کوشتووە کە چەکدارێکی حەماس بووە لە کەناری ڕۆژئاوا و سزای زیندانیکردنی تا هەتایی بەسەردا سەپێندراوە بەهۆی کوشتنی دوو ئیسڕائیلییەوە بە بەرچاوی خەڵکەوە لە ساڵی 2000 دا لە ڕامەڵا، بەڵام دواتر لە ئاڵوگۆڕێکی زیندانییاندا ڕەوانەی غەززە کراوەتەوە.
کارمەندانی تەندروستی وتییان ساڵحە لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر خێمەیەک لە ناو قوتابخانەی ئەلکلوک کوژراوە، قوتابخانەکە وەکو پەناگەیەک بەکارهێندراوە بۆ ئاوارە فەلەستینییەکان و دەکەوێتە دەیرەلبەلای ناوەڕاستی کەرتی غەززەوە.
ئیسڕائیل دەستبەجێ لێدوانی لەسەر مەرگی ساڵحە نەداوە و ئاماژەی بەوە نەداوە کە ئایا بە تایبەتی کراوەتە ئامانج یاخود نا.
ڕووداوەکەی ساڵی 2000 لە ڕامەڵای کەناری ڕۆژئاوا ڕوویدا، ئیسڕائیلییە یەدەگەکان لە خاڵێکی پشکنینی فەلەستینییەکاندا دەستبەسەرکران و گواسترانەوە بۆ بنکەیەکی پۆلیس و لەلایەن چەند چەتەیەکەوە بە خراپی لێیاندرا هەتاوەکو کوشتیانن. کوشتنەکە دوابەدوای پرسەی کوڕێکی 17 ساڵی فەلەستینی هات کە بە تەقەی ئیسڕائیل کوژرا، هەروەها لەو ماوەی دوو هەفتەیەدا بوو کە چەندین فەلەستینی دیکە لە کەناری ڕۆژئاوا کوژران.
لە ساڵی 2001 دا ئیسڕائیل ساڵحەی دەستگیرکرد و سزای زیندانیکردنی تا هەتایی بەسەردا سەپاند.
بەڵام لە مانگی 10 ی ساڵی 2011 دا لەگەڵ 1000 فەلەستینی دیکەدا لە ئاڵوگۆڕکردنێکی زیندانییاندا لەگەڵ حەماسدا ئازادکرا، لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو فەلەستینییانەدا سەربازی ئیسڕائیلی گیلاد شالیت ئازاد کرا کە پێنج ساڵ لە غەززە زیندانی کرابوو.
لە هەواڵێکی جیادا ڕۆژی پێنجشەممە ئیسڕائیل ڕایگەیاند سێ مانگ لەمەوبەر لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە غەززە چەندین گەورە بەرپرسی حەماسییان کوشتووە.
وتی سێ گەورە بەرپرسەکەی حەماس بریتی بوون لە ڕاوی مستەفای متمانەپێکراوی سەرکردەی حەماس یەحیا سینوار و سامح ئەلسەراجی گەورە بەرپرسی ئاسایش و سامی عودەی فەرماندەی گشتی ئاسایشی حەماس.
سوپای ئیسڕائیل وتی " مستەفا بەرپرس بووە لە بڕیارە سەربازییەکان و هاوکات سەرۆکی فەرمانڕەوایی مەدەنی حەماس بووە لە کەرتی غەززە و بەرپرسی کاروباری زیندانییانیش بووە. پێشتریش بەرپرسی دارایی بووە."
لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن 1200 ئیسڕائیلی لەو هێرشەدا کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکەش بە بارمتە گیراون. هەر ئەو هێرشەی حەماسیش بوو بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە کەرتی غەززەدا، بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن زیاتر لە 41,700 فەلەستینی کوژراون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز