Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت ڕووسیا و چین جبەخانە ئەتۆمییەکانیان " فراوانتر " دەکەن


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لوەید ئۆستن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لوەید ئۆستن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لوەید ئۆستن دەڵێت ڕووسیا و چین جبەخانە ئەتۆمییەکانیان " نوێ دەکەنەوە و فراوانتری " دەکەن. ئەمەش لەکاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکان بەهۆی کارەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و کارەکانی چین بەرامبەر تایوان زیادیان کردووە.
ئۆستن لە وتارێکدا لە بارەگای سەرکردایەتی ستراتیژی ئەمەریکا، ئەو سەرکردایەتییەی کە بەرپرسە لە جبەخانەی چەکە ئەتۆمییەکانی ئەمەریکا، وتی ئەمەریکا " لەسەر لێواری قۆناغێکی نوێدایە " کە تیایدا دوو وڵاتی زلهێزی خاوەن چەکی ئەتۆمی " ڕکابەری ستراتیژی " ئەمەریکان.

ئۆستن ڕەخنەی لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن گرت لەسەر " لێدوانە نابەرپرسەکانی لەسەر چەکی ئەتۆمی " لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا تاوەکو ئێستا.

وتی " وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆم بەرپرسارێتییەکی زۆر گەورەیان هەیە لە خۆبەدوورگرتن لە ڕەفتاری وروژێنەر، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی و هەڵگیرسانی جەنگێکی ئەتۆمی."

ڕۆژی پێنجشەممە پوتن وتی " مەترسی هەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمی لە زیادبووندایە."

جێی ئاماژەیە ڕووسیا زۆرترین کڵاوەی ئەتۆمی هەیە لە جیهاندا، دوای ئەویش ئەمەریکا دێت کە 3,800 کڵاوەی ئەتۆمی چالاکی هەیە.

لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا گفتوگۆکان سەبارەت بە پەیماننامەی نوێی ستارت لە نێوان ئەمەریکا و ڕووسیادا ڕاگیراون، کە مەبەست لە گفتوگۆکان سنووردارکردنی کڵاوە ئەتۆمییەکانیانە.
مانگی ڕابردوو وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا هۆشداریدا لەسەر ئەوەی چین لە ئێستادا زیاتر لە 400 کڵاوەی ئەتۆمی هەیە، بە نزیکەیی لە ماوەی دوو ساڵدا ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی دوو هێندە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتە ساڵانەییەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بۆ کۆنگرێس، بەپێی ئەو خێراییەی چین پەرەی بە چەکە ئەتۆمییەکانی داوە، تاوەکو ساڵی 2035 چین دەبێتە خاوەنی نزیکەی 1500 کڵاوەی ئەتۆمی.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG